ڕێبوار كەریمیان لە بۆسیەکی سوپای پاسداران شەهیدبوو

12 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمڕۆ چەند پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانه کەوتنە بۆسەی سوپای پاسداران، لە ئەنجامی شەڕی نێوان سوپای پا*ســدا*ران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، لە ناوچەی مەریوان چوار ئەندامی کۆمەڵە شەهیدبوون کە یەکێکیان ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵە بوو بە ناوی ڕێبوار کەریمیان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ی ئەیلوولی 2024، ڕێبوار كەریمیان ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری كۆمەڵە و بەرپرسی فێرگەی پێشمەرگایەتی كۆمەڵە و چەند پێشمەرگەیەك بەیانی ئەمڕۆ لە سنوری مەریوان كەوتوونەتە بۆسەی پاسدارانی ئێران، ڕێبوار كەریمیان كوژراوە و سێ پێشمەرگەش بە برینداری بە دیل گیراون.

هاوکات لەسەر ئەم ڕووداوە، دەستەی كارگێڕیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان ئەوەیانخستۆتەڕوو، بە داخێكی زۆر گرانەوە ئەمڕۆ هاوڕێ ڕێبوار كەریمیان ناسراو بە ڕێبوار داسێران، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان و بەرپرسی كۆمیسیۆنی نیزامی لە تێكهەڵچوونێك لەگەڵ هێزە داگیركەرەكانی كۆماری ئیسلامی  لە پیرانەكۆن دوای چەندین كاتژمێر شەڕ و خۆڕاگری گیانی ئازیزی بەختكرد.

دەستەی كارگێڕی كۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەشڵێت " لە ڕاگەیاندنەكانی دواییدا وردەكاری زیاتر بە ئاگاداریی خەڵكی كوردستان دەگەیەنین". 

جێگەی ئاماژەیە، لە كاتژمێر سێی نیوەشەو تا ئەمڕۆ دوانیوەڕۆ شەڕ بەردەوام بووە لە سنووری مەریوان لە نێوان سوپای پاسداران و پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان.

 

تێبینی: پێشتر ئەم هەواڵە بە هەڵە بڵاوکرابووەوە لەسەر ناوی ئارام مودەریسی، بەڵام لە ئێستادا هەواڵەکە چاکراوە، هەروەها ئەمەش ڕوونکردنەوەیەکە سەبارەت بە هەواڵەکە:

 

روونکردنەوەیەک سەبارەت بە هەواڵێکی رۆژنامەی هاوڵاتی لەسەر رووداوەکەی سنووری مەریوان.

پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانبەختکردنی ( رێبوار کەریمیان ) ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی "کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان"  لە ناوچەی مەریوان.

رۆژنامەی هاوڵاتی، کە لە شاری سلێمانی بڵاو دەبێتەوە لە هەواڵێکدا وێرای ئاماژەکردن بە رووداوەکە لەزاری منەوە( ئارام مودەریسی وەک) ئەندامی سکرتاریەتی کۆمەڵەی  زەحمەتکێشان لێدوانێکی بڵاو کردۆتەوە لە ڕێگەی پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرنووسەری رۆژنامەی هاوڵاتی و پێم راگەیاندکە:

 یەکەم : من هیچ پێوەندییەکم بەو حیزبەوە نییە و پاش یەکگرتنەوەی دوو لایەنی کۆمەڵە و هەتا ئێستا ئەندامی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانم.

دووهەم : سەبارەت بەو رووداوە نەک هەواڵنێری رۆژنامەی هاوڵاتی، بەڵکوو هیچ میدیا و هەواڵنێرییەک پێوەندی بە منەوە نەکردووە و جێگای سەرسوورمانە ئەم هەواڵە بۆ بەم شێوەیە دارێژراوە و ناوی من هاتووە، چونکە لەبەر ئەوەی خۆم پەیوەندیم بە تاریق فاتیح سەرنووسەری رۆژنامەی  هاوڵاتییەوە کردوە و لەسەر داوای بەرێزیان ئەم روونکردنەوەیە بۆ رۆژنامەکەیان دەنێرم .

ئارام مودەریسی

۲۰ی سپتامبری ۲۰۲٤

کۆمەڵەی شۆرشگێر

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار