سێنتكۆم: لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا هێرشمان كردە سەر ١٥ ئامانجی حووسییەكانی یەمەن

11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، فەرماندەی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم) سەبارەت بە چەند هێرشێكی جەنگییەكانی ئەمریكا و بەریتانیا بۆ سەر حووسییەكان لە یەمەن، لە ڕاگەیاندراوێكدا ڕایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوو هێرشیان كردە سەر ١٥ ئامانجی حووسییەكانی یەمەن و توانا سەربازییەكانیان لەناو بردووە.
دەشڵێت، ئەم هێرشانە بۆ سەر ئامانجی حووسییەكان بۆ پاراستنی ئازادیی كەشتیوانی و پاراستنی ئاوە نێودەوڵەتییەكانە.
هاوکات میدیاکای یەمەن لای خۆیانەوە بڵاویانکردەوە، دوێنی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا و بەریتانیا چوار هێرشیان كردووەتە سەر ناوچەی سیانە لە باكووری سەنعای پایتەختی یەمەن.
ئەوەشیان خستۆتەڕوو، حەوت هێرشیان كردووەتە فڕۆكەخانەی حودەیدە، ناوچەی كەسیب و باشووری شاری زەمار.
جێگەی ئاماژەیە، جگە لە ئەمریكا و بەریتانیا، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل ڕۆژانە هێرشی ئاسمانیی دەكەنە سەر بە گرووپی حووسییەكان لە یەمەن.
