وەزارەتی پێشمەرگە: داعش دۆخی سوریا بۆ زیندووبوونەوە بەکاردەهێنێت
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری دا لەبارەی جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی داعش لە سوریا و عێراقدا و گوتی بارودۆخی ناوچەکە لەبارە بۆ "زیندووبوونەوە و نوێبوونەوەی" گرووپەکە.
لیوا ڕوکن بەختیار ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "حکومەتی دیمەشق ئێستا کۆنترۆڵی هەندێک لەو زیندانیانەی کردووە کە پێشتر لە ژێر دەستی هەسەدەدا بوون و بەشێک لە داعشەکان هەڵهاتوون و مۆڵگەکانی داعش لە سوریادا هەن...ئەو زیندانیانەی داعش و کەسوکاریان بەشێکی کەمیان لە ژێر دەستی هەسەدە ماون؛ لەو بارودۆخە ناهەموارەدا هیچ گەرەنتییەک نییە کە زیندانییەکان بەرنەدرێن، لە هەمان کاتدا بارودۆخی ئاڵۆزی سوریا دەرفەتێکی باشتر دەدات بە داعش بۆ زیندووبوونەوە و نوێبوونەوە."
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی دا، "داعش لە عێراقدا بوونی هەیە و هەبووە. ئێستا لە پارێزگاکانی ئەنبار و موسڵ و سەڵاحەدین لە ناوچەکانی ماددەی 140 شانەی نوستوویان هەیە. لەم ماوەیەی دواییدا لە ناوچەکانی خورماتوو و مەخمور و کەرکوک و خوارووی کەلار جموجۆڵەکانیان زیاتر بووە."
وتیشی، "بە دڵنیاییەوە ئەو بارودۆخەی لە سوریا دروستبووە هانی داعش دەدات لە عێراق."
ئەم هۆشداریە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانەوە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ لە میانی وتارێکی لە بۆنەی ساڵانەی "نانی بەیانی نوێژی نیشتمانی" لە واشنتن ڕایگەیاند، "ماوی چوار ساڵە داعش خۆی بونیاد دەنێتەوە و ئێستاش بڕێکی کەمیان هەیە. ئینجا ئەو ڕۆژە باش تێمانکوتان لە نایجیریا چونکە کریستیانەکانیان دەکوشت. ناتوانن ئەمە بکەن. کاتێک هێرشدەکەنە سەر کریستیانەکان، دەزانن کە زۆر بە توندی لەلایەن سەرۆک ترامپەوە لێیان دەدرێت."
مانگی دوازدەی ڕابردوو سەرۆک ترامپ فەرمانی دا بە ئەنجامدانی چەند هێرشێکی ئاسمانی دژی داعش لە نایجیریا، لە وەڵامی بەردەوامی هێرش و هەڕەشەکانی ئەو گرووپە بۆ سەر کریستیانەکانی نایجیریا. هەروەها، سەرچاوە هەواڵییەکان دەڵێن "ژمارەیەکی کەم" لە سەربازانی ئەمەریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسی داعش بۆ ئەو وڵاتە نێردراون.
لە سوریا، سەرەڕای ئەوەی دەنگۆی هەڵاتنی دەیان یاخود سەدان چەکداری داعش هەیە بەهۆی پێکدادانە خوێناوییەکانی نێوان هەسەدە و سوپای عەرەبی سوریاوە، هاوکات سەرچاوە فەرمییەکان ئاماژە بە مەترسی بەهێزبوونەوەی داعش دەکەن لە ئەگەری بەردەوامی ئالۆزییەکان.
ئەلێکساندەر زۆێڤ، یاریدەدەری سکرتێری گشتی ئۆفیسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەو تەکنۆلۆژیا نوێیەی کە چەکدارە جیهادییەکان بەکاریدەهێنن، مەترسییەکانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە لە زیادبووندایە.
ئەلێکساندەر زۆێڤ ئاماژەی دا، "داعش لە عێراق و کۆماری عەرەبی سووریادا چالاکە، لەگەڵ بەردەوامی هێرشەکان و هەوڵی نوێ بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە."
هەر دوێنێ چوارشەممە، 4-5-2026، فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا ڕایگەیاند لە حەوت ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕێگەی 50 چەک و تەقەمەنی زیرەکەوە پێنج هێرشی جیاوازیان کردووەتە سەر چەند ئامانجێکی داعش لە سوریا.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا ڕایگەیاند کردەکە بەشێک بوو لە ئۆپەراسیۆنی "هێرشی چاوی هەڵۆ" لە وەڵامی هێرشێکی داعش لە ڕۆژی 13-12-2025 لە ناوچەی پاڵمیرا (تەدمور)، کە بووە هۆی کوژرانی دوو ئەندامی خزمەتگوزاری و وەرگێڕێکی ئەمەریکایی.
