بەرەی گەل بۆ هاوڵاتی: هاونیشتیمانیان بوونەتە قوربانی گیرفانپڕكردنی حزبە دەسەڵاتدارەكان
10 مانگ لەمەوپێش
فێنك ئەحمەد
فێنك ئەحمەد:
- هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بوونەتە قوربانی بەرژەوەندی گیرفانپڕكردنی حزبە دەسەڵاتدارەكان
- رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی و راستكردنەوەی ئەم دۆخە ناهەموارەی هەرێمی كوردستان بە ئێمە دەكرێت
- پێكهێنانی حكومەتى هەرێم و رێكەوتنی لایەنەكان ئاستەنگێكی زۆری لەبەردەم دایە
- پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكانی بەرەی گەڵ لە ئاستێكی زۆر باشدایە
بەرەی گەل رایگەیاند هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بوونەتە قوربانی بەرژەوەندی گیرفانپڕكردنی حزبە دەسەڵاتدارەكان.
فێنك ئەحمەد سەرپەرشتیاری دامەزراوەی هەڵبژاردنی بەرەی گەل لە لێداونێكی تایبەت بە هاوڵاتی راگەیاند رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی و راستكردنەوەی ئەم دۆخە ناهەموارەی هەرێمی كوردستان كە هاوڵاتی بونەتە قوربانی بەرژەوەندی گیرفان پڕكردنی حزبە دەسەڵاتدارەكان، بە ئێمە دەكرێت.
دووپاتیشیكردەوە، ئێمە ئێستاش دەڵێین بەڵێ بە ئێمە دەكرێت، سەرەڕای بردنی دەنگی دەنگدەرانمان لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا و ئەنجامدانی ساختەكاریەكی ئاشكرا، بەڵێ زۆر گۆڕانكاری گرنگ و ستراتیژی هەیە لە ناوچەكەدا بە بەرەی گەل دەكرێت، پێگە و بەهێزی و جەماوەری بەرەی گەل و لاهور شێخ جەنگی ئەمڕۆ بێت یان سبەی ئەو گۆڕانكاریانە دەكات.
وتیشی: گرنگ ئەوەیە كۆڵنادەین و بەردەوام دەبین، ئێمە لایانگری خەڵگین و لە بەرژەوەندی خەڵك كار دەكەین، ئێمە وەك بەرەی گەل پێشتر پڕۆگرام و پڕۆژەمان ئامادە كردوە لە بوارە جیاجیاكاندا كە لەبەرژەوەندی خزمەتی خەڵكی كوردستانە.
لە وەڵامی پرسیارێكی هاوڵاتیدا، رونیكردەوە هێشتا زووە باسی پێكهێنانی حكومەت بكەین، چونكە پێمان وایە پێكهێنانی حكومەت و رێكەوتنی لایەنەكان ئاستەنگێكی زۆری لەبەردەم دایە.
سەبارەت بە پەیوەندیەكانی بەرەی گەل لەئاستی نێودەوڵەتی، ئاشكرای كرد لە ئاستێكی زۆر باشدایە و لاهور شێخ جەنگی سەرۆكی بەرەی گەل كەسایەتیەكی سیاسی بە هێزە و پەیوەندیەكی تۆكمەی هەیە لە ئاستی نێودەوڵەتی و ولاتانیش سەنگ و پێگە و گرنگی شێخ لاهور باش دەزانن لە ناوچەكەدا.
