عەلی حەمەساڵح: پرۆسەی هەژماری من لە سلێمانی ڕانەگیراوە

10 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
عەلی حەمەساڵح:
- پرۆسەی هەژماری من لە سلێمانی ڕانەگیراوە.
- تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی كرداری بۆ پڕۆسەی تەوتین نەنراوە.
- هەژماری من بە لێدوانی سەرۆكی یەكێتی و پەرلەمانتارەكانی هەڵناوەشێتەوە.
- تا ئێستا جێگری سەرۆکی حکومەت نوسراوێکی بۆ ڕاگرتنی پڕۆژەكە نیە.
عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێستی نیشتیمانی رایگەیاند تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی كرداری بۆ پڕۆسەی تەوتین نەنراوە.
بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێستی نیشتیمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا بە ناونیشانی "ڕاستی ڕەتکردنەوەی(هەژماری من) و یاری توتین" لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە پشتوانیكردنی تەوتین كارێكی زۆر باشە بەڵام لە ئێستادا هیچ هەنگاوێكی كرداری بۆ ئەو پڕۆسەیە نیە و پڕۆژەكە بە لێدوانی سەرۆكی یەكێتی و پەرلەمانتارەكانی هەڵناوەشێتەوە.
رونیشیكردەوە ئەوەی بڕیاری لێداوە تیمی حکومەتە، ئەوانیش دەتوانن ڕایبگرن، تا ئێستا جێگری سەرۆکی حکومەت نوسراوێکی بۆ ڕاگرتنی پڕۆژەكە نیە، کەس گوێبیستی وتەیەکیشی نەبوە، تەنانەت وەزیرەکانیش وتەیەک نادەن.
وتيشى: پرۆسەی هەژماری من لە سلێمانی ڕانەگیراوە، ئەوانەی پێشتر هەژماری منیان کردوە یان بەو سیستمە موچە وەردەگرن بەردەوامن، تەنیا بۆ موچەخۆری نوێ ناکرێت (خاڵێکی باشە)، واتە؛ ئامێری هەژماری من لەسەر شەقامن و موچە دابەش دەکەن کەواتە ڕانەگیراوە.
ئەوەشی خستەڕو، چارەسەر ئەوەیە وەزیری دارایی یان جێگری سەرۆکی حکومەت نوسراوێک بکات بۆ ئەو موچەخۆرانەی، کە هەژماری منیان ناوێ بڵێ، دەتوانن ڕەتی بکەنەوە، دواتر لە ڕێگای پارێزگار یان جێگری سەرۆکی حکومەت نوسراوی فەرمی بکرێت بۆ دامەزراوە دارایی و بانکیەکانی عێراق بۆ توتین و لە ئێستادا هیچ هەنگاوێکی کرداری نیە بۆ توتین .
