یونیسكۆ بۆ هاوڵاتی: حوكمی توند دژ بە رۆژنامەنووسانی هەرێمی كوردستان دەركراوە

10 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
- چەند حوكمێكی توند لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی دژ بە رۆژنامەنووسان دەركراوە.
- ریژەی سكاڵا دژ بە رۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە 37%.
- زیاتر لە 500 رۆژنامەنووس لە 2003وە كوژراون بەبێ ئەوەی لێپرسینەوە لە بكوژەكانیان بكرێت.
رێكخراوی یونیسكۆ رایگەیاند دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان حوكمى تونديان دژ بە رۆژنامەنووسان دەركردوە و ریژەی سكاڵاش لە دژيان گەیشتووەتە زیاتر لە 37%.
دكتۆر زیا سەرای نوێنەری رێكخراوی یونیسكۆ لە عێراق بەیاننامەیەكی رێكخراوەكەی ناردووە بۆ هاوڵاتی و تیاییدا هاتووە، عێراق بەرزترین رێژەی تۆماركردووە لە دەربازبوون لەسزا بەرامبەر بە ئەنجامدانی تاوان دژ بە رۆژنامەنووسان و داوا لە حكومەتی فیدڕاڵی عێراق دەكەین بەرپرسیارێتی لێكۆڵینەوەیەكی گشتگیر و شەفاف بگرێتە ئەستۆ، سەبارەت بە هەموو ئەو تاوانانەی دژ بە رۆژنامەنووسان ئەنجام دەدرێن و زانیاری لەسەر لێكۆڵینەوەكان پێشكەش بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی مافی مرۆڤ بكات، هەروەها داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق كرد بە سیاسەتەكانیاندا بچنەوە سەبارەت بە ئازادی رادەربڕین و سەلامەتی رۆژنامەنووسان.
بەپێی یونیسكۆ عێراق پێشەنگە لە لیستی ئەو وڵاتانەی رۆژنامەنووسەكانی دەناڵێنن بە دەست دەربازبوونی دەستدرێژیكەرانی سەریان لە سزا و رووبەڕووی هەڕەشە، سەرەڕای زۆربونی سكاڵای یاسایی لە دژیان بەمەبەستی ترساندنی رۆژنامەنووسان و دەمكوتكردنیان.
رونیشیكردەوە، تەنها لە ساڵی 2023، زیاتر لە 600 سكاڵای یاسایی لە عێراق دژ بە رۆژنامەنووسان تۆماركراوە و ریژەی ئەو سكاڵایانەش لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە 37%، لەگەل دەركردنی چەند حوكمێكی توند لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد بەرزبونەوەی رێژەی دەربازبوون لە تاوانەكانی كوشتنی رۆژنامەنووسان لە عێراق، پێویستە ببێتە جێگای بایەخی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی، كە لە 98% تێپەڕاندووە و زیاتر لە 500 رۆژنامەنووس لە ساڵی 2003وە تاكو ئێستا كوژراون بەبێ ئەوەی لێپرسینەوە لە بكوژەكانیان بكرێت.
