توركيا قەیوم بۆ سێ شارهوانی باكوری كوردستان دادەنێت

10 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
- قەیوم بۆ گەورە شارەوانییهكانی مێردین و ئێلیهـ و خەلەفەتی لە باکوری کوردستان دانرا.
- هێزە ئەمنییەکان لە شاری مێردین بەردەم بینای گەورەشارەوانیی شارەکەیان گەمارۆدا.
- فەرمانی وەزارەتی ناوخۆى توركيا لەبارەی دانانی قەیوم گەیاندراوەتە ئەحمەد تورک هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەیومی بۆ گەورە شارەوانییهكانی مێردین و شارەوانیی ئێلیهـ و شارەوانیی خەلەفەتی لە روهای باکوری کوردستان دانا.
میدیای فهرمی توركیا بڵاویكردهوه، بهبڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەیوم بۆ گەورە شارەوانییهكانی مێردین و شارەوانیی ئێلیهـ و شارەوانیی خەلەفەتی لە روهای باکوری کوردستان دانراون.
بەگوێرەی زانیارییەکان، بەیانیی ئەمڕۆ (دووشەممە، چواری تشرینی دووەم) هێزە ئەمنییەکان لە شاری مێردین بەردەم بینای گەورەشارەوانیی شارەکەیان گەمارۆدا و فەرمانی وەزارەتی ناوخۆیان لەبارەی دانانی قەیووم گەیاندووەتە ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین.
بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، تونجای ئاککۆیون، پارێزگاری مێردین لە شوێنی ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین دانرا.
ئەحمەد تورک، لە هەژماری خۆی لە سۆشیاڵمیدیا رایگەیاند، "هەرگیز کۆڵ نادەین و لە خەبات بۆ دیموکراسی و ئاشتی و ئازادی، هەنگاو بۆ دواوە نانێین. ئێمە رێگە بە دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەل نادەین."
پارێزگای مێردین دوای بڕیاری دانانی قەیووم، ئەنجامدانی هەموو جۆرە چالاکییەکی وەک خۆپیشاندان، رێپێوان، لێدوانی رۆژنامەڤانی، گردبوونهوه، خێوهتههڵدان و سهكۆدانانی بۆ ماوی 10 رۆژ قەدەخە کرد.
لەلایەکی دیکەوە، بەیانی ئەمڕۆ قەیووم بۆ شارەوانیی ئێلیهـیش دانراوە. فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی دانانی قەیووم گەیێندراوەتە گوڵستان سۆنووک، هاوسەرۆکی شارەوانی و لە شوێنی ئەو ئەکرەم جانئاڵپ، پارێزگاری ئێلیهـ بە قەیووم دانراوە.
لە پارێزگای رووها، قەیووم بۆ شارەوانیی شارۆچکەی خەلفەتی دانرا و لە شوێنی محەممەد قەرەیڵان، هاوسەرۆکی شارەوانی خەلفەتی، هاکان باشئۆغڵو، قایمقامی خەلفەتی دانرا.
ئەم سێ شارەوانییەی قەیوومیان لەسەر دانراوە، سەر بە پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)ـن.
