پیف لەم دینە بێیتە ناوی گونت ئەبڕن ! بچیتە دەرەوە سەرت ئەبڕن !!
ڕەزاق شەریف
4 هەفتە لەمەوپێش
پیف لەم دینە بێیتە ناوی گونت ئەبڕن ! بچیتە دەرەوە سەرت ئەبڕن !!
لە مەجلیسەکانی "نەوشیروان مستەفا"وە
ڕەزاق شەریف
یونادم کەننا، کەسایەتیەکی سیاسی ئاشورییە لە مەجلیسی حوکم و لیژنەی نوسینەوەی دەستوری هەمیشەیی عێراقدا و نوێنەری مەسیحی و کلدۆئاشورییەکانی عێراق بوو .
لەپارێزگاریکردنی مافە دەستورییەکانی خۆیاندا، زۆر پێداگری لەهەبونی مادەیەک بۆ پاراستن و مانەوەی کەمینە ئاینییەکانی دەرەوەی ئاینی ئیسلام دەکات و دەیەوێ لەدەستوردا، بیچەسپێنێت .
عەبدولعەزیز حەکیم کە ئەوسەروەختە وەک شارەزا و نوێنەرایەتی مەزهەبی شیعە قسەکەر و کەسی ناودار بوە! لەوەڵامدا، چەندجارێک جەخت لەدیباجە و مادەکانی تایبەت بەدیموکراسی و مافی کەمینەکان دەکاتەوە بەڵام یونادم کەننا بڕوا ناهێنێت و هەر دەیەوێت مادەیەکی تایبەت و بەدڵی خۆی دابڕێژێت .!
رۆژانە، هەموو دانیشتنێکی سەرەتا و ئەم جەدەلەی نێوان (کەننا و حەکیم) دوبارە ئەبێتەوە، بەناچاری سەید حەکیم روو لەنەوشیروان مستەفا ئەکات و ئەڵێت :
- کاکە بۆ خاتری خوا ئێوە لە من نزیکترن لێی، تێڤ م ببگەیەنن بە نیازی چییە؟
وەڵامێک کەزۆر چاوەڕواننەکراو ئەبێت بۆ مەجلیس و کۆبونەوەکە ئەوەیە کە نەوشیروان مستەفا دەڵێت:
+ بەراستی منیش بەدەقیقی نازانم چیان دەوێت بەڵام ئەتوانم بەسەرگوزشتەیەک رەئی یونادم کەننا بەئێوە بگەیەنم ..
بەکورتی ئەم سەرگوزشتەیە ئەگێڕێتەوە :
+ لەزوودا، کەسێکی مەسیحی لەشەقڵاوە ئەیەوێت بێتە سەر دینی ئیسلام و پەنا بۆ مەلای مزگەوتەکە دەبات، حەزی خۆی و مەرجی بون بە ئیسلامی لێدەپرسێت، مەلای دوانزە عیلمیش زۆر بەسانایی و سادەیی پێی دەڵێت :
(خەتەنە سوران بکە و شایەتمان بهێنە وتەواو بویت بە ئیسلام.)
کابرای مەسیحی وادەکات و دوای شەش مانگ لەبون بەئیسلام پەشیمان ئەبێتەوە ! هانا بۆ مەلای مزگەوت ئەبات و پێی دەڵێت :
(قوربان من لەبون بەئیسلام پەشیمانم ! چی بکەم بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە سەر دینی مەسیحی)
دیسان بەسانایی و سادەیی مەلای دوانزە عیلم ئەڵێت :
(واللە ئەبێت سەرت ببڕین)
مەسیحی نۆموسوڵمان ئەڵێت :
- پیف لەم دینە بێیتە ناوی گونت ئەبڕن ! بچیتە دەرەوە سەرت ئەبڕن !!
دواجار نەوشیروان مستەفا روو لەسەید حەکیم ئەڵێ :
- ئەوەندەی من تێگەیشتبم یونادم ئەیەوێ بەپێی دەستور، نەگونی ببڕدرێ و نەسەری ببڕدرێ !
بە قاقاو پێکەنین جێگەی نەگونبڕین و نەسەربڕین لەدەستوری هەمیشەیی عێراقدا، ئەکەنەوە .