بە سەدان كەس لە قەزای شارەزوور تووشی سكچوون بوون
4 هەفتە لەمەوپێش
هاوڵاتی
- زیاتر لە 800 کەس لە قەزای شارەزوور بە هۆکارێکی نادیار تووشی سکچوون بوون.
- لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکەی پێکهێندراوە.
- ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بە داتا و ژمارە رادەگەیەندرێت.
وەزارەتی تەندروستی هەرێمى كوردستان رایگەیاند بە سەدان كەس لە قەزای شارەزوور بە هۆکارێکی نادیار تووشی سكچوون بوون.
سەرکار سورچی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند لە قەزای شارەزوور زیاتر لە 800 کەس بە هۆکارێکی نادیار تووشی سکچوون بوون، بۆ ئەم مەبەستەش لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکەی پێکهێندراوە.
وتيشى: لە ئێستادا تیمێکی پزیشکی رەوانەی قەزای شارەزوور کراوە بۆ ئەوەی دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن و راستەوخۆ دوای تەواو بوونی لێکۆڵینەوە و کارەکانی لیژنەکە، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بە داتا و ژمارە رادەگەیەندرێت.
ئاماژەشیكرد زۆربەی تووشبووەكان دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی گەڕاونەتەوە ماڵەوە، لەئێستادا نزیكەی ٢٥ نەخۆش لە نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ لە قەزای شارەزوور ماونەتەوە و لەژێر چاودێری پزیشكیدان و دۆخی تەندروستییان جێگیرە.