خزمه‌تگوزارییه‌كانی بانكی TBI بۆ موچه‌خۆرانی هه‌رێم فراوانتر ده‌بێت

4 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

- بانکی عێراقی بۆ بازرگانی TBI وتیمی هەژماری من یەکەمین کۆبوونەوەیان ئەنجامدا.

- بانكی TBI و هه‌ژماری من رێكەوتن له‌سه‌ر خێراكردنی تۆماری فه‌رمانبه‌ران.

- نزیكه‌ی 700 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر خۆیان له‌ پرۆژه‌ی (هه‌ژماری من) تۆمار كردوه.‌

 

 

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) ورتیمی هه‌ژماری من یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌یان دوابه‌دوای واژۆكردنی گرێبه‌سته‌كه‌یان ئه‌نجامدا و به‌مزوانه‌ش ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی زیاتر له‌ 10,000 كارتی بانكی (TBI) ده‌كرێت.

وەزارەتەكە لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ تیمی (هه‌ژماری من) و شاندی ته‌كنیكی بانكی تی بی ئای یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌یان دوابه‌دوای واژوكردنی گرێبه‌سته‌كه‌یان ئه‌نجامدا و ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر خێراكردنی تۆماری فه‌رمانبه‌ران، گه‌یاندنه‌وه‌ی كارته‌كان و دانانی ئامێره‌كانی ڕاكێشانی پاره‌ (ATM) له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان.

رونیشیكردەوە له‌ مانگی (ئایار)ی ئه‌مساڵ، بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) به‌ ڕێكه‌وتنێكی سه‌ره‌تایی هاته‌ نێو پڕۆژه‌ی (هه‌ژماری من) و بوه‌ هه‌شته‌م بانكی به‌شداربوی پڕۆژه‌كه‌، هه‌فته‌ی ڕابردوش، هه‌ریه‌ك له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) گه‌یشتنه‌ ڕێككه‌وتنێكی فه‌رمی له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی گرێبه‌ست و واژۆیان له‌سه‌ری كرد به‌ مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌ی به‌ بانكیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ی (هه‌ژماری من).

باسلەوەشكراوە هاوشێوه‌ی بانكه‌ به‌شداربوه‌كانی دیكه‌، له‌مه‌ودوا خزمه‌تگوزارییه‌كانی بانكی TBI بۆ موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان فراوانتر ده‌بێت، نمونه‌ی ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی كه‌ ڕێكه‌وتنیان له‌سه‌ركراوه‌ بریتین له‌وه‌ی بانكه‌كه‌ دو لقی نوێ له‌ پارێزگاكانی هه‌ولێر و سلێمانی بكاته‌وه‌ و ده‌یان ئامێری ڕاكێشانی پاره‌ له‌نێو كابینه‌كانی (هه‌ژماری من) له‌ سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستان جێگیر بكات، به‌مزوانه‌ش ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی زیاتر له‌ 10,000 كارتی بانكی (TBI) ده‌كرێت.

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری داواى له‌و موچه‌خۆرانه‌ كرد كه‌ تا ئێستا خۆیان تۆمارنه‌كردوه‌، به‌زوترینكات سه‌ردانی بریكارانی (هه‌ژماری من) بكه‌ن تاوه‌كو خۆیان تۆماربكه‌ن.

هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، ئێستا نزیكه‌ی 700 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر خۆیان له‌ پرۆژه‌ی (هه‌ژماری من) یاخود به‌بانكیكردنی موچه‌ (ته‌وتین) تۆمار كردوه‌، هه‌مو ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی له‌ ڕێگه‌ی هه‌شت بانكه‌كه‌ی ناو پرۆژه‌ی هه‌ژماری من خۆیان له‌ به‌بانكیكردنی موچه‌ (ته‌وتین) تۆمار ده‌كه‌ن، له‌داهاتودا له‌ هه‌مو ئه‌و خزمه‌تگوزاریه‌ دارایی و بانكیانه‌ سودمه‌ند ده‌بن، كه‌ بانكه‌كان پێشكه‌ش به‌موچه‌خۆران و فه‌رمانبه‌رانی ده‌كه‌ن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار