زياتر له چوار هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت له ھەولێر بایۆمەتریان نەكردوە

10 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
- چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی ھەولێر هۆشداری لە ڕاگرتنی موچەی کەمئەندامان دەدات.
- تا 20 ئەم مانگە بایۆمەتری نەكەن موچەکانیان رادەگیرێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی ھەولێر ڕایگەیاند، چوار هەزار و 85 خاوەن پێداویستی تایبەت بایۆمەتریان نەكردوە و مەترسی لەسەر بڕینی مووچەكانیان هەیە.
بەڕێوەبەراتیەكە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە تا ئێستا چوار هەزار و 85 خاوەن پێداویستی تایبەت بایۆمەتریان نەكردوە و تا 20 ئەم مانگە نەچن موچەکانیان رادەگیرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەگوێرەی دوایين ئامار لە سنوری هەولێر، لە کۆی 22 هەزار و 729 خاوەن پێداویستی تایبەت تا ئێستا 18 هەزار و 644 خاوەن پێداویستی تایبەت، UPN کردوە و تا ئێستا چوار هەزار و 85 خاوەن پێداویستی تایبەت نەهاتون، كە دەکاتە ڕێژەی 17٪ کۆی کەمئەندامان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانە بەپێی ئەو بانکەی موچەی تێدا وەردەگرن سەردانی بانکەکان بکەن بۆ ئەوەی بایۆمەتری بکەن و دڵنیا ببنەوە لە ناوەکانیان، چونکە ئەوانەی بایۆمەتریان نەکردوە سبەی ناوەکانیان لە بانکەکان هەڵدەواسرێت.
ئەوەشیخستەڕو، ئەو بانکانەی کە بایۆمەتری لێ دەکرێت بریتین لە بانکی حەمرین، بانکی بێخاڵ، بانکی سۆرک لە شەقڵاوە، بانکی باواجی لە کۆیە، بانکی قەڵات، بانکی برایەتی، بانکی بەحرکە، بانکی زاگرۆس، بانکی فیدڕاڵ، بانکی گوڵان خەبات و دیوانی بەڕێوەبەرایەتی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی.
