سەدان مامۆستاو فەرمانبەر بۆ شوێنى خۆپیشاندانەکەى سلێمانى بەڕێکەوتوون

7 مانگ لەمەوپێش
بڕیارە ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى، گەورەترین خۆپیشاندان ئەنجامبدەن، بۆ ئەم مەبەستە لەزۆربەى شارو شارۆچکەکانەوە هاوڵاتیان پۆل پۆل بەرەو سلێمانى بەرێوەن بۆ پاڵپشتى مامۆستایانى مانگرتوو.
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازى لەسلێمانى، ڕایدەگەیەنن ئەمڕۆ دووشەممە، گەورەترین خۆپیشاندانی ساڵ دەکەن، بۆ ئەم مەبەستەش داوا لە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و چین و توێژە جیاوازەکانى سەرجەم شار و شارۆچکەکان دەکەن؛ سبەینێ کاتژمێر (10:30)ی بەیانی؛ لەبەردەم پارکی مەلیک مەحموودى سلێمانى ئامادەبن.
لەشارەکانى هەڵەبجە گەرمیان و سەیدسادق و شارەزوورو دەڤەرى ڕاپەرین و چەند ناوچەیەکى ترەوە، دەیان ئۆتۆمبێلى پڕ لەمامۆستاو فەرمانبەرو هاوڵاتیانى چین و توێژەکان بەڕێکەوتوون بۆ شوێنى خۆپیشاندانەکەى ئەمڕۆى سلێمانى.
لە دەڤەرى گەرمیانەوە ١٢ مامۆستاو فەرمانبەرو هاوڵاتى بەپێ بەڕێبکەووتون بۆ شارى سلێمانى و بچنە لاى خێمەى مامۆستایانى مانگرتوو وەک پاڵپشتیەک بۆ ئەو داواکاریانەى هەیانە.
ئەمڕۆ حەوت ڕۆژە ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەران، بەرامبەر ئۆفیسی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سلێمانی، دژى دواکەوتنى مووچەکانیان مانگرتنیان لەخواردن راگەیاندووە.
مامۆستایان و فەرمانبەران داوادەکەن مووچە لە کاتی خۆیدا دابەشبکرێت و پلە بەرزکردنەوە دەستپێبکات کە ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵە بە شێوەیەکی نایاسایی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە راگیراوە لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو.
