نێچیرڤان بارزانی: کاردەکەین بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانى ڕاپه‌ڕین

6 مانگ لەمەوپێش



سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی 34ەمین ساڵیادی راپەڕینەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، دۆخەکە لە هەموو لایەک دەخوازێت بە گیانی بەرپرسیارێتیی هاوبەشەوە کار بکەین.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "فيدراڵى و ده‌ستکه‌وته‌ ده‌ستوورييه‌كان و ئاماده‌يى و كاريگه‌ريى ئه‌مڕۆی کوردستان، به‌ری ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌‌ مه‌زنه‌ن. بۆیه‌، پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌كان‌ و مسۆگه‌رکردنی مافی نه‌وه‌کانی داهاتوومان، به‌ یه‌کڕیزی، یه‌کگرتوویی و لێکگه‌یشتنى هه‌موو هێز و پێکهاته‌کان ده‌كرێت‌."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، "دۆخی هه‌رێمی و ئاڵنگارييه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کان، له‌ هه‌موومان ده‌خوازێت به‌ گیانی به‌رپرسیاريه‌تيی هاوبه‌شەوە کار بکه‌ین، له‌ وانه‌كانى رابردوو فێر ببین و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتيی گه‌له‌كه‌مان بپارێزين."
 
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
 
ئه‌مڕۆ به‌ شكۆدارييه‌وه‌ یادی سی و چوار ساڵه‌ى ڕاپه‌ڕینی ئاداری 1991 ده‌که‌ینه‌وه‌. به‌م بۆنه‌يه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ خێزان و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان، پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان و ته‌واوى گه‌لی کوردستان، به‌ هه‌موو پێکهاته‌کانییه‌وه‌ ده‌که‌م.
 
ڕاپه‌ڕين، وێستگه‌یه‌کی مێژوویی و چاره‌نووسساز و ويستى پۆڵایینی كوردستانييان بوو له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دیكتاتۆرى و سته‌مكاریدا. گه‌لى كوردستان به‌ باوه‌ڕێکی پته‌و به‌ دادپه‌روه‌ریی دۆزه‌که‌ی، يه‌كڕيز و یه‌کگرتوو، له‌سه‌ر بنه‌مای ئازادی، شكۆ و‌ دادپه‌روه‌ری، ڕاپه‌ڕى و ده‌رگاى به‌ ڕووی داهاتوویه‌کی نوێدا كرده‌وه‌. به‌رهه‌می خه‌باتێکی دوور و درێژ و قوربانیدانی گه‌وره‌ی پێشمه‌رگه‌ و گه‌لى كوردستان بوو به‌ره‌و چه‌سپاندنی مافه‌ ڕه‌واکانی له‌ عێراقی نوێدا.
 
فيدراڵى و ده‌ستکه‌وته‌ ده‌ستوورييه‌كان و ئاماده‌يى و كاريگه‌ريى ئه‌مڕۆی کوردستان، به‌ری ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌‌ مه‌زنه‌ن. بۆیه‌، پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌كان‌ و مسۆگه‌رکردنی مافی نه‌وه‌کانی داهاتوومان، به‌ یه‌کڕیزی، یه‌کگرتوویی و لێکگه‌یشتنى هه‌موو هێز و پێکهاته‌کان ده‌كرێت‌. دۆخی هه‌رێمی و ئاڵنگارييه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کان، له‌ هه‌موومان ده‌خوازێت به‌ گیانی به‌رپرسیارێتيی هاوبه‌شەوە کار بکه‌ین، له‌ وانه‌كانى رابردوو فێر ببین و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتيی گه‌له‌كه‌مان بپارێزين.
 
له‌م بۆنه‌ پيرۆزه‌دا جه‌خت ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام ده‌بين له‌ کارکردن بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌ باڵاكانى ڕاپه‌ڕین و خه‌باتی ئاشتییانه‌ و دیپلۆماسی بۆ پاراستنی مافه‌کانی گه‌لی کوردستان‌. بۆ ئه‌وه‌ى خواست و ئاواته‌کانی كوردستانييان بۆ داهاتوویه‌کی باشتر و پێشكه‌وتن به‌دیبهێنین، ده‌بێ بنه‌ماکانی پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌، به‌هێزکردنی کولتووری يه‌كترقبووڵکردن، چه‌سپاندنی دیموکراسی و کاری هاوبه‌ش به‌ گیانی به‌رپرسیاريه‌تيی نیشتمانی پته‌و بكه‌ين. هه‌مووان، نه‌وه‌ى دواى ڕاپه‌ڕين، نه‌وه‌كانى ئێستا و داهاتووش ده‌بێ به‌ پێزانين و سوودوه‌رگرتن له‌ ڕابردوو، به‌ بڕوا و ئومێده‌وه‌ به‌ره‌و داهاتوو هه‌نگاو بنێن.
 
سڵاو له‌ گيانى پاكى شه‌هیدانی ڕاپه‌ڕین و هه‌موو شه‌هیدانی کوردستان.
هه‌ر به‌رز و شكۆدار بێت يادى ڕاپه‌ڕين.
 
نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان
5ی ئاداری 2025

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار