بارزانى: ڕاپەڕین ئەو ڕاستییەی سەلماند ستەم چەندە بەهێزبێ هەر كۆتایی دێت

6 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتى

مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، بە بۆنەی یادی ڕاپەڕین پەیامێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت:ڕاپەڕین لە دژی دامودەزگەی ستەمکار و داگیرکەر، پەیامێکی ڕوون بوو کە سەرباری بوونی زوڵم و سەرکوتکاری و تۆقاندن، گەلی كوردستان زیندووە و ئازادی و سەربەستی دەوێت.

هەر لەوپەیامەیدا بارزانى دەشڵیت: ڕاپەڕین ئەو ڕاستییەی سەلماند كە داگیركاری و ستەم چەندە بەهێزیش بن، سەرئەنجام هەر كۆتایی دێت و ئەوە ئیرادە و هێزی گەلی كوردستانە كە براوە دەبێت.

دەقى پەیامەکە
پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی یادی ڕاپەڕین
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی سی و چوارەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردستان پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو خەباتگێڕ و ئازادیخواز و نیشتیمانپەروەران و سەرجەم خەڵكی كوردستان دەكەم.

ڕاپەڕین یەکێکە لە سەروەری و دەستکەوتە گرانبەهاکانی گەلی کوردستان. لە سایەی ئیرادەی ئازادیخوازیی گەلی كوردستان و، قارەمانێتی پێشمەرگە و یەكڕیزیی لایەنەكانی ناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستاندا ڕاپەڕین هاتەدی و سەركەوتنی بەدەست هێنا. 

ڕاپەڕین لە دژی دامودەزگەی ستەمکار و داگیرکەر، پەیامێکی ڕوون بوو کە سەرباری بوونی زوڵم و سەرکوتکاری و تۆقاندن، گەلی كوردستان زیندووە و ئازادی و سەربەستی دەوێت. ڕاپەڕین ئەو ڕاستییەی سەلماند كە داگیركاری و ستەم چەندە بەهێزیش بن، سەرئەنجام هەر كۆتایی دێت و ئەوە ئیرادە و هێزی گەلی كوردستانە كە براوە دەبێت.

لەو یادە پیرۆزەدا جەخت لە بەها پیرۆزەكانی ڕاپەڕین و پەیامی ئاشتی و برایەتی و پێكەوەژیانی گەلی كوردستان دەكەینەوە. سڵاو بۆ ڕۆحی بەرزی شەهیدانی ڕاپەڕین و هەموو شەهیدانی خەباتی ڕزگاریخوازی كوردستان دەنێرین، کە بە خوێنی پاكیان ئازادی و سەربەستیان بۆ گەلەكەمان هێنایە دی.
مسعود بارزانی
5ـی ئاداری 2025

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار