ژمارهیهك قاچاخچی سوتەمەنی لە مەرزی باشماخ دەستگیرکران

6 مانگ لەمەوپێش
سەرۆکی فهرمانگهى دادوەری پارێزگای کوردستان (سنه) ڕایدەگەیەنێت لە مەرزی باشماخى شارى مەریوان لەدیوى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، توانیویانە نزیکەى ٣٠ کەس بۆ تۆمەتى قاچاخچیەتى سوتەمەنی دەستگیربکەن.
ماڵپەرى ئیرناى ئێرانى، لەڕاپۆرتێکدا دەڵێت سەید حوسێن حوسێنی سەرۆکی دادوەری پارێزگای کوردستان، ڕایگەیاندوە: بەبڕیارى دادوەرى داواکاری گشتی مەریوان، لەلایەن هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا و پاسەوانانی سنووری شارەکە، و بە هاوکاری کۆمپانیای نەوتی پارێزگاکە، توانیویانە 35 ئۆتۆمبێلی بچوک کە سووتەمەنی بە قاچاخ هەڵدەگرن، بناسنەوەو دەستىیان بەسەردا بگرن لەکاتێکدا دەیانویست سوتەمەنى بگوازنەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردوە لەژێر چاودێری ورد و ڕێوشوێنی هەواڵگری، پاسەوانانی سنوور ڕەوانەی شوێنەکە کرا بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە، دوای چەندین جارو چاودێری باری قاچاخەکان، سەرکەوتوو بوون لە دەستبەسەرداگرتنی بە بەکارهێنانی تەکنیکی تایبەت.
سەرۆکی دادوەری کوردستان، ئەوەشى خستوەتەڕوو لەو هەڵمەتەدا، ٣٠ کەسیان بۆتۆمەتى کارى قاچاخچیەتى سوتەمەنى لەمەرزى باشماخ دەستگیربکەن.
بەپێى ئامارەکان لەماوەى 10 مانگی ڕابردوودا، 287 دۆسیەی یاساییان کردوەتەوە بۆ کارى قاچاخى سوتەمەنى، توانیویشیانە یەک ملیۆن و 503 هەزار و 693 لیتر سووتەمەنی قاچاخ بدۆزنەوەو دەستى بەسەردا بگرن لە ماوەی ئەو دە مانگەدا.
حوسێنی جەختی لەوە کردەوە: بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی، بەتایبەتی قاچاخی سوتەمەنی، بە تایبەتی لە کارنامەی دەسەڵاتی دادوەری پارێزگاکاندایە و ئەم پرسە بە شێوەیەکی جددی بەدواداچوونی بۆ دەکرێت لەڕێگەی چاودێری هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنی و ڕێکخستنی چاودێری.
مانگى ڕابردووش لەدەروازەى سنورى باشماخ، لەدیوى ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە، بەرپرسانى فەرمانگەى دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی قەزای مەریوان ڕایگەیاند، دەستیان بەسەر ٥٠ هەزار لیتر بەنزینیاندا گرتووە، کە لە چەند کۆگایەکدا لە مەرزى باشماخى مەریوان هەڵگیرابوو.
هاوکات دەست بەسەر 15 ئۆتۆمبێلیشدا گیراوە کە چەندین دەبە بەنزینی قاچاخی تێدابووە و ڕادەستی دەسەڵاتی دادوەری کراون و بۆ ئەوەى لێکۆڵینەوەى زیاتریان لێبکرێت.
بەرپرسی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی قەزای مەریوان، جەختی لە بەردەوامیی سەردانە هاوبەشەکانیان کردەوە لەدژی قاچاخچییەکانی سوتەمەنی. هەروەها وتیشى: بە بە بەراورد بە ساڵى ڕابردوو قاچاخی سووتەمەنی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.

