ڕوانگەى سوورى: زیاتر لە 120کەس لە رووداوەکانى سووریا کوژران
10 مانگ لەمەوپێش
بەڕێوەبەرى ڕوانگەى سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ رایگەیاند، ئەو ئاڵۆزییانەى کە لە سووریا سەریانهەڵداوە فەرماندەیەکى سەر بە دەسەڵاتى پێشووى سووریا بەناوى غەیاس دەللا لێى بەرپرسیارە و بووەتە هۆى هەڵگیرسانى فیتنە لە سووریا.
ڕامى عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەرى روانگەى سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ، لە چاوپێکەوتنێکى ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە ئاڵۆزییەکاندا زیاتر لە 124 کەس کوژراون، 36 کەسى سەر بە هێزەکانى وەزارەتى ناوخۆ و بەرگریى سووریا، 32 چەکدارى سەر بە دەسەڵاتى پێشووى سووریا، 52 کەسیش لە ریفى لازقییە کوژراون کە لایەنگرى ئەو فەرماندە سەربازییە سوورییە بوون و چوار هاوڵاتى سڤیلیش لەناو کوژراوەکاندا هەیە.
ناوبراو ئەوەشى خستەڕوو ڕووداوەکانی کەنارەکانى سوریا لەسەر بنەمای تائیفی ڕوونادەن و نەگەیشتوونەتە ئاستی شەڕی تائیفی، بەو پێیەی هێرشەکانی ئەو ناوچانە لە نێوان چەکدارانی ناو سوپای ڕژێمی لەکارکەوتوو و هێزەکانی حکومەتی نوێ لە دیمەشق ڕوودەدەن.
بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوریى وتیشى: داوا لە هەموو سوورییەکان و حکوومەتی نوێ دەکەین، خەڵکی سڤیل لە هەموو گەلی سووریا بپارێزن، چونکە ئەمە ئەرکی ئەوانە.
ڕامى عەبدولڕەحمان دەڵێت ئەو کەسەى کە بەرپرسیارییەتى ئەم شەڕ و ئاڵۆزییەى دەکەوێتە ئەستۆ، ئەو کەسەیە کە ناوى غەیاس دەللایە، فەرماندەى سەربازیى بووە لە کاتى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد، بووەهۆى هەڵگیرسانى فیتنە لەنێوان سونە و عەلەوییەکان، عەلەوییەکانى هاندا دژى دەسەڵاتى نوێى سووریا بجەنگن، ئەو بەرپرسی یەکەم و کۆتایی کێشەکانە.
