ئەم مانگەىش 100هەزار دینارەکەی دەرماڵەی خانەنشینان ناگەڕێنرێتەوە

5 مانگ لەمەوپێش



 

سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی سلێمانی ڕاگەیاند، بۆ ئەم مانگەش ئەو 100 هەزار دینارەی لە خانەنشینان بڕابوو بۆیان ناگەڕێتەوە،  پێناچێت ئەمساڵیش 100 هەزاری دەرماڵەی خانەنشینان بگەڕێتەوە.

ئەو سەرچاوەیەی خانەنشینی سلێمانی  ئەوەش دەڵێت، ئەو خانەنشینانەی مووچەکانیان لە ملیۆنێک دینار کەمترە مووچەی مانگی سێ بە لێبڕینی 100 هەزار دینارەکە وەردەگرن.

گوتیشی، ئەو 100 هەزار دینارەی پێشتر بەشێک لە خانەنشینان بۆیان خرابووە سەر مووچەکانیان، دەرماڵەی بژێوی بوو، خەرجکردنی هەموو دەرماڵەیەک لە عێراق دەبێت محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجکردنی بدات و خەرجکردنی دەرماڵەکانی ساڵی 2025 لە سەرەتای ساڵەوە بڕیاریان لێدراوە، هەرچەندە داواکراوە ئەم 100 هەزارە بگەڕێتەوە، بەڵام پێناچێت ئەمساڵ بگەڕێتەوە.

لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵ، 100 هەزاری دەرماڵەی بژێوی خانەنشینان بڕدراوە.

لەلایەکى دیکەوە، بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو، ئەم ساڵ لەدایکبووانی سێ ساڵ پێکەوە لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون. گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان دەڵێت، ئەوانەی خانەنشینبوون مووچەی مانگەکانی یەک و دوویان وەرنەگرتووە و زۆرینەیان مانگی سێش مووچە وەرناگرن.
 
بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو، ئەم ساڵ لەدایکبووانی ساڵانی 1962، 1963 و 1964 خانەنشین بوون. سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند: بەهۆی تەواونەبوونی مامەڵەکانیان، زۆرینەی ئەوانەی ئەم ساڵ خانەنشین بوون، مووچەی مانگی ئاداریش وەرناگرن".
 
ئەم ساڵ بەهۆی یاسای خانەنشینینیی عێراقەوە، زیاتر لە 25 هەزار فەرمانبەری هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون. 
 
سادق شێخ عوسمان گوتی: "دوو مانگی رابردوو کەمترین خانەنشین مامەڵەیان تەواو کراوە بۆ ئەوەی لە مانگی سێدا مووچەیان بۆ ببەسترێت؛ هۆکاری وەرنەگرتنی مووچەش هەر ئەوەیە".
 
بە گوتەی سادق شێخ عوسمان، لە زیاتر لە 10 هەزار خانەنشین لە پارێزگای سلێمانی، کەمتر لە 200 کەسیان مامەڵەی خانەنشینییان تەواوکراوە و بۆ مانگی سێ مووچە وەردەگرن.
 
سادق شێخ عوسمان گوتی: "بەڕێوەبردنی مامەڵەی خانەنشینان خاو بەڕێوەدەچێت، سەرەتا بڕیارێک درا کە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینانی پارێزگاکان خۆیان مامەڵەکان بکەن، دواتر کاری پێنەکرا، ئێستا دەبێت بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینانی پارێزگاکان هەموویان مامەڵەکان ببنەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشین لە هەولێر بۆ تەواوکردنی کارەکان، ئەوەش رێوشوێن و کاتی زیاتری پێویستە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار