"هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی نا یاسایی، رەشبیگیرییان دەستپیکردووە"

2 مانگ لەمەوپێش



فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕایدەگەیەنێت هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە شێوەیەکی نا مەدەنی و نا یاسایی، رەشبیگیرییان دەستپیکردوو بەشێکیان تەنها نێتی خۆپیشاندانیان هەبووە و بەشداریان نەکردووە.

لەڕاگەیەندراوەکەیاندا ئەوەش دەخەنەڕوو وێرای ئیدانەکردنی توندی ئەم هەڵسوکەوتە نا مەدەنی و نا یاساییە، پارێزراوی گیانی هەموو دەستگیرکراوان و دەستبەجێ ئازادکردنی ئەو هاوڕییانەمان کە لە زیندان ماون، دەخەینە ئەستۆی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی.. 

دەقى ڕاگەیەندراوەکە..

ڕاگەیاندراوی فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی
دژ بە ڕەشبگیری و پێشێلی مافی مرۆڤ لە سلێمانی

بەداخەوە لەکاتێکدا دوومانگە مووچە دابەشنەکراوە، فەرمانبەران و خەڵکی هەرێمی کوردستان بە گشتی لە دۆخێکی دارایی و دەروونی دژواردا دەژین، لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی بە ڕاگەیەندراوێک رۆژی (٢٠٢٠٥/٠٦/٢٤) سەرەتایترین مافی بە خەڵک ڕەوا نەبینی و وتی، ئێستا گونجاو نییە بۆ خۆپیشاندان.

بەوهۆیەوە مووچەخۆران و چالاکوانانی مەدەنی بڕیاریاندا بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەسەر دۆخەکە گردببنەوە، بەڵام بەداخەوە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە شێوەیەکی نا مەدەنی و نا یاسایی، رەشبیگیرییان دەستپیکردوو و دەیان کەس لە مامۆستا، چالاکوانی مەدەنی، ئەندامی پەرلەمان، میدیاکار، چالاکوانی سیاسی و ئەندامانی پارتەسیاسیەکان دەستگیرکراون، کە بەشێکیان تەنها نێتی خۆپیشاندانیان هەبووە و بەشداریان نەکردووە.

میدیاکاران تەنها بە ئەرکی پیشەیی چوون بۆ ڕووماڵ و پێشێلی هیچ یاسایەکیان نەکردووە، ئەمە جگە لەوەی دوێنی  (٢٠٢٠٥/٠٦/٢٥)،  وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی رایانگەیاند (١١) کەسیان بە یاسایی ڕێکخستنی خۆپیشاندان، ژمارە (١١)ی ساڵی (٢٠١٠) ماددەی (١٠) دەستگیرکردووە، لە کاتێکدا یاساکە تەنها پۆلیسی ڕاسپاردووە بەجێبەجێکردنی ئەم ئەرکە نەک ئاسایش و هیچ دەزگایەکی تری ئەمنی.

ئەم هەڵمەتە نا مەدەنیانەیە بە تەواوی پێچەوانەی هەموو یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستانە، لە هەمانکاتدا پێچەوانەی درووشمەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، کە بەرپرسی ئەو دەزگایانەی ئەندامی ئەون و پارتی دەسەڵاتداری ئەم ناوچەیەیە.
ئێمە وێرای ئیدانەکردنی توندی ئەم هەڵسوکەوتە نا مەدەنی و نا یاساییە، پارێزراوی گیانی هەموو دەستگیرکراوان و دەستبەجێ ئازادکردنی ئەو هاوڕییانەمان کە لە زیندان ماون، دەخەینە ئەستۆی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی و داواکاریشین کۆتایی بە دۆخی سەربازیکراوی شاری سلێمانی بهێنن. 

فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی
(٢٠٢٥/٠٦/٢٦)

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار