حکومەتی سوریا: بەشداری کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی پاریس ناکەین

11 كاتژمێر لەمەوپێش
بەرپرسێکى باڵاى حکومەتی سووریا، کۆنفرانسەکەی حەسەکە بە هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی رژێمی پێشووی سووریا و پێشێلکردنی رێککەوتنی 10ی ئازار و گۆڕانکاریی دیموگرافی و هەوڵدان بۆ دەستێوەردانی درەکی و دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان ناودەبات و رەتیدەکاتەوە بەشداریی کۆبوونەوەکانی پاریس بکەن و دەڵێت، هەسەدە پشێلی رێککەوتنی ئاگربەستی کردووە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی سووریا بە ئاژانسی فەرمیی سووریا "سانا"ی ڕایگەیاند، کۆنفرانسەکە "هاوپەیمانییەکی ناسکە و لایەنە زیانمەندەکانی ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لەخۆدەگرێت" و بە پشتیوانیی دەرەکی هەوڵی سەپاندنی واقیعێکی نوێ دەدات. دیمەشق بە تووندی ئیدانەی میوانداریکردنی "کەسایەتیی جوداخواز و تێوەگلاو لە کاری دوژمنکارانە" دەکات و بەرپرسیارێتیی تەواوی دەرەنجامەکانی دەخاتە ئەستۆی هەسەدە.
ئەو بەرپرس باڵایەى حکومەتی سوریا ڕایدەگەیەنێت کۆنفرانسەکەی دوێنێى حەسەکە زیان بە دانوستانەکانی هەردوولا دەگەیەنێت، وتیشى: لەسەر مێزێک دانانیشین هەوڵی زیندووکردنەوەی رژێمی پێشوو بدات، ئەو بەرپرسە داواى ئەوەشدەکات هەسەدەرێککەوتنی 10ـی ئازار جێبەجێبکات.
ڕۆژی 8ـی ئاب، کارەکانی کۆنفرانسی "یەکڕیزیی هەڵوێستی پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا" لە شاری حەسەکە کۆتایی هات. جەخت لەسەر پێویستیی داڕشتنی دەستوورێکی دیموکراتی و سیستەمێکی لامەرکەزی کرایەوە کە ماف و بەشداریی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی سووریا مسۆگەر بکات و ڕێگە بۆ دادپەروەریی گواستنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەکان خۆش بکات.
بەرپرسەکەی حکومەتی سووریا باسلەوەدەکات، ئەوەی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا روویداوە، نوێنەرایەتیی چوارچێوەیەکی نیشتمانیی گشتگیر ناکات، بەڵکو هاوپەیمانێتییەکی فشەڵە، کە ئەو لایەنانە لەخۆدەگرێت زەرەرمەندی سەرکەوتنی گەلی سووریا و رووخانی رژێمی پێشوون، هەندێک لایەن هەوڵدەدەن قۆرخی نوێنەرایەتیی پێکهاتەکان بە سەپاندنی هێزی ئەمری واقیع و بە پاڵپشتی دەرەکی بکەن.
بەرپرسەکەی حکومەتی سووریا، کۆنفرانسی یەکهەڵوێستیی پێکهاتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بە لێدان لە هەوڵەکانی دانوستان ناودەبات و دەڵێت، بەهۆی کۆنفراسەکەوە بەشداریی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی پاریس ناکەن و لەگەڵ لایەنێکدا دانانیشن کە هەوڵی زیندووکردنەوەی رژێمی پێشوو بدات.
ئەو بەرپرسە داوا لە هەسەدە دەکات، رێککەوتنی 10ـی ئازار جێبەجێ بکات و داواش لە نێوەندگیرەکان دەکات، سەرجەم دانوستانەکان بۆ دیمەشق بگوازنەوە، کە ناوەندی یاسایی و نیشتمانیی دانوستانی سەرجەم سوورییەکانە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆنفرانسەکە نوێنەرایەتی خۆدزینەوە لە ئاگربەست و مەرجەکانی یەکگرتنی دامەزراوەیی دەکات، هەروەها پێشێلکردنی بەردەوامی ڕێکەوتنەکە. لە هەمان کاتدا وەک بەرگێک بۆ سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی سیستماتیکی دژ بە عەرەبی سوریا، کە لەلایەن گروپە توندڕەوەکانی کوردەوە جێبەجێ دەکرێت کە ڕێنماییەکانیان لە قەندیلەوە وەردەگرن".
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە کاتێکدا ئەم هەنگاوە سەرلەنوێ ڕێبازی ئەو کۆنفرانسانە دەکاتەوە کە هەوڵی دابەشکردنی سوریایان دەدا پێش سەربەخۆیی، حکومەتی سوریا دووپاتی دەکاتەوە کە گەلی سوریا کە ئەو پیلانانەیان پووچەڵکردەوە و دەوڵەتی سەربەخۆیان دامەزراند، ئەمڕۆ جارێکی تر ئەو پڕۆژانە پووچەڵ دەکەنەوە، بە متمانەوە بەرەو بنیاتنانی کۆماری دووەم هەنگاو دەنێت.
