هەسەدە سێ داواکارى دەداتە تورکیاو سوریا و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى

10 كاتژمێر لەمەوپێش



هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) هەڕەشەی وەڵامدانەوەو بەرگریی دەكات، ئەگەر گروپەكانی سەربە حكومەتی دیمەشق و توركیا هێرشەكانیان رانەگرن.

هاوکات ئەوەش دەخاتەڕوو دەست درێژ بۆ دیالۆگ و هاوکاری درێژ دەكەین بۆ سوریایەکی سەلامەت و سەقامگیر.

دەقی راگەیەندراوەكەى هەسەدە:

لە کاتێکدا گەلی سوریاو هەموو لایەنە پابەندەکان بە چارەسەری ئاشتیانە چاوەڕێی سەقامگیری لە سەرانسەری سوریا دەکەن، هێشتا ئەو گروپانەی  سەر بە تورکیا كە لە ژێر چەتری حکومەتی دیمەشقدا کاردەکەن بەردەوامن لە پێشێلکردنی ئاگربەست لە چەند ناوچەیەک، لەوانە دێرەزۆر، دێرحافر، بەنداوی تشرین و تەل تەمر. هەروەها ئەم گروپانە لە دەوروبەری گەڕەکی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە لە شاری حەلەب جموجۆڵی گوماناوی دەکەن، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای ئەو رێککەوتنەیە کە لە 1ی نیسانی 2024 لەنێوان ئیدارەی دوو گەڕەکەکەو ئیدارەی دیمەشق ئیمزاکراوە.

ئەو گروپانەی باسمانکرد زیاتر لە 22 جار هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانی باکورو رۆژهەڵاتی سوریاو چەکی قورسیان بەکارهێناوە، ئەمە جگە لە هێرشی زەمینی و هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە ڕووباری فورات بۆ هێرشکردنەسەر بنکەی هێزەکانمان لە دێرەزۆر. ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی برینداربوونی زیاتر لە 11 هاوڵاتی مەدەنی و زیانێکی بەرچاو بە ناوچەکانی دانیشتووانی مەدەنی.

ئەم هێرشانە پێچەوانەی ڕۆحی ئەو رێکكەوتنەن کە لەنێوان بەڕێز ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانمان ئەنجامدراوە، بەتایبەتی کە جەوهەری ئەم رێککەوتنە لەسەر بنەمای ئاگربەستێکی تەواو و پاراستنی خەڵکی مەدەنی و بەهێزكردنی چانسی چارەسەری سیاسییە.

بەدرێژایی ماوەی رابردوو دانمان بەخۆماندا گرتووەو سەرەڕای هێرشەكان ویستومانە ئارامی بپارێزین، لەبەرئەوەی باوەڕمان وایە سەقامگیری سوریا پێویستی بە هاوبەشیی راستەقینەو بەرپرسیارێتی هاوبەش هەیە لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە. 

لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامی ئەم هێرشانە متمانەی یەکتر دەخاتە مەترسییەوە، لێکتێگەیشتنەکان دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەو عەقڵیەتی جەنگی زیندوو دەکاتەوە، ئەمەش لە سەردەمێکدا کە سوریا زۆر پێویستی بە دیالۆگ هەیەو حکومەتی دیمەشق بەرپرسیارێتی تەواوی لە ئەستۆ دەگرێت.

بەم پێیە ئێمە:

1-  داواکارین حکومەتی دیمەشق و گروپەكانی سەربە حكومەت هەروەها گروپەكانی سەر بە تورکیا دەستبەجێ هەموو پێشێلکارییەک رابگرن و پابەندی مەرجەکانی رێککەوتنەکە بن.

2-  داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین چاودێری ئەم پێشێلکاریانە بکەن و کار بۆ دڵنیابوون لە رێزگرتن لە رێککەوتنە واژۆکراوەکان بکەن.

3-  دەست درێژ بۆ دیالۆگ و هاوکاری درێژ دەكەین بۆ سوریایەکی سەلامەت و سەقامگیر، بەڵام لە هەمان کاتدا ئامادەین هەر رێوشوێنێک پێویست بێت بۆ بەرگریکردن لە ماف و ئاسایشی گەلەکەمان بیگرینەبەر.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات
٩ی ئابی ٢٠٢٥

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار