هەسەدە هەڕەشەى توند لە هێزەکانی حکومەتی دیمەشق دەکات

5 كاتژمێر لەمەوپێش



ناوەندى ڕاگەیاندن و چاپەمەنى هێزەکانى سوریاى دیموکرات، دەڵێت: چەند ڕۆژێکە گروپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق هەوڵی ئیستفزازی هێزەکانمان دەدەن. لە چەند ناوچەیەک بە تایبەتی لە دەوروبەری شارۆچکەی دێر حەفەر و گوندەکانی دەوروبەری دەستیان کردووە بە جموجۆڵی گوماناوی.

ڕاگەیەندراوەکەى ئەمشەوى هەسەدە ئاماژە بۆ ئەوەدەکات جموجۆڵی ئیستفزازی لەلایەن هێزەکانی حکومەتی دیمەشق لە دەوروبەری شارۆچکەی دێرحەفەر و گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەبینرێت.

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا ئەوە دەخەنەڕوو ئەو هێزانە بەردەوامن لە پێشێلکردنی ئاگربەست، هەرچەندە شەڕڤانان و هێزەکانى هەسەدە ئارامیان گرتووەو هیچ وەڵامێکی ئەم ئیستفزازییە بەردەوامانە نادەنەوە. دەڵێن بەڵام ئەگەر بەردەوام بن لە بەئامانجگرتنی هێزەکانمان، ئێمە ناچار دەبین لەسەر بنەمای بەرگری شەرعی وەڵام بدەینەوە.

راگەیەندراوەکەى هەسەدە باس لەوەشدەکات، هەروەها چەند ڕۆژێکە گروپەکانی دیکە لە دەوروبەری گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە کۆبوونەتەوە و دەورییەکانیان چڕتر کردووەتەوە. هەروەها فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان نزیکەی بەردەوام بەسەر گەڕەکەکاندا بە ئیستفزازییەکی ڕوون و ئاشکرادا دەفڕن و دەوترێت یەکێکیان لە پەراوێزی گەڕەکەکەدا تەقیوەتەوە. 

دەشلێن: هەوڵەکانی ئەم گروپانە پێشێلکردنی ئاگربەست پێکدەهێنن و پێچەوانەی ڕۆحی ئەو ڕێککەوتنەیە کە ئەنجومەنی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە ١ی نیسان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق واژۆیان کردووە و لەلایەن دانیشتوانی هەردوو گەڕەکەوە ئیدانە دەکرێن و سەلامەتی هاوڵاتیانی مەدەنی نیشتەجێی ئەو وڵاتە دەخەنە مەترسییەوە. 

هەسەدە داوا لە حکومەتی سوریا دەکات دەست بەسەر هەڵسوکەوتی ئەو گروپە بێ ئیدارانەدا بگرێت، نەبنە هۆی شکست و داڕمانی ئەو ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنانەی لە نێوانماندا واژۆ کراون، خۆی لە هەر شتێک بپارێزێت کە گرژی زیاتر بکات و ئاشتی مەدەنی لە سەرتاسەری حەلەب و ناوچەکانی دیکە بپارێزێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار