زانیارى لەسەر ئەو بنکە سەربازییەی ترەمپ و پوتن لێی کۆدەبنەوە

7 كاتژمێر لەمەوپێش



میدیاکانی ئەمریکا بە پشتبەستن بە بەرپرسانی کۆشکی سپی بڵاویانکردەوە، کۆبوونەوەی پێشبینیکراوی نێوان ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی هەینی لە بنکەیەکی  سەربازی بەڕێوەدەچێت.

لە شاری ئانکۆرەیج لە ویلایەتی ئالاسکا بڕیارە رۆژی هەینی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پوتن، هاوتا روسییەکەی کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین. شوێنی کۆبوونەوەکە بنکەی سەربازیی هاوبەشی "ئێلمێندۆرف-ڕیچاردسن"ە، کە دامەزراوەیەکی سەربازیی ستراتیژییە. هەڵبژاردنی ئەم لوتکەیە چەندین رەهەندی مێژوویی، جوگرافی و ئەمنی لەخۆدەگرێت.

ئەم بنکەیە کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی شەڕی سارد دەگەڕێتەوە، گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەلاسکایە و رووبەرەکەی 64.000هێکتارە. بەهۆی پێگە جوگرافییەکەیەوە، بە پێگەیەکی سەرەکیی ئەمریکا بۆ ئامادەباشی سەربازی لە ناوچەی جەمسەری باکوور دادەنرێت.

بنکەکە لە ساڵی 1940دروست کراوە و لە سەردەمی شەڕی سارددا، وەک ناوەندێکی گرنگی بەرگریی ئاسمانی و فەرماندەیی بۆ رووبەرووبوونەوەی هەڕەشەکانی یەکێتیی سۆڤیەت کاری کردووە. لە ساڵی 1957 گەیشتە لوتکەی توانای خۆی کاتێک 200 فڕۆکەی جەنگی و چەندین سیستەمی راداری پێشکەوتووی لەخۆگرتبوو، بەهۆیەوە نازناوی "سەقفی پارێزەری ئەمریکای باکوور" (Top Cover for North America)ی وەرگرت.

کاتێک ترەمپ لە ساڵی 2019 سەردانی بنکەکەی کرد، وتی سەربازانی ئەوێ "لە دوا سنووری وڵاتەکەمان وەک یەکەم هێڵی بەرگریی ئەمریکا خزمەت دەکەن." زیاتر لە30،000 کەس لەم بنکەیەدا دەژین، کە دەکاتە نزیکەی %10ی دانیشتووانی شاری ئانکۆرەیج. ئەمڕۆش بەهۆی پێگە ستراتیژییەکەی و ئاسانکارییەکانی مەشق و راهێنانەوە، بنکەکە بەردەوامە لە گەشەکردن.

هەڵبژاردنی ئەلاسکا بۆ ئەم کۆبوونەوەیە چەند هۆکارێکی هەیە:

رەهەندی مێژوویی: ئەمریکا لە ساڵی 1867ویلایەتی ئەلاسکای لە روسیای قەیسەری کڕی، ئەمەش رەهەندێکی مێژوویی بە کۆبوونەوەکە دەبەخشێت.

نزیکیی جوگرافی: یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی روسیا، ئاماژەی بەوە کردووە کە هەردوو وڵات دراوسێن و تەنها گەرووی بێرینگ لێکیان جیا دەکاتەوە. وتیشی: "زۆر لۆژیکییە کە وەفدەکەمان بەسەر گەرووی بێرینگدا بفڕێت و لوتکەیەکی وا گرنگ لە ئەلاسکا بەڕێوەبچێت."

هۆکاری لۆجستی و ئەمنی: بەرپرسانی کۆشکی سپی رایانگەیاندووە کە بنکەکە مەرجە ئەمنییە توندەکانی بۆ میوانداریکردنی دوو سەرکردەی جیهانی تێدایە. هەروەها، لەبەر ئەوەی وەرزی گەشتیارییە و کۆبوونەوەکە بەپەلە رێکخراوە، بژاردەی دیکەی گونجاو کەم بوون.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، وەک بەڵێنێکی هەڵبژاردن، گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر لایەنەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، هەرچەندە تا ئێستا سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە. ئەو پێشتر وتبووی دەتوانێت لە ماوەی 24 کاتژمێردا جەنگەکان بووەستێنێت.

ترەمپ کۆبوونەوەکە وەک "کۆبوونەوەیەکی تێگەیشتن" وەسف دەکات کە ئامانج لێی هاندانی پوتنە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. لە بەرامبەردا، کۆشکی سپی هەوڵیداوە چاوەڕوانییەکان کەم بکاتەوە و رایگەیاندووە "ئەمە بۆ سەرۆک پرۆسەیەکی گوێگرتنە."

چاوەڕوان ناکرێت ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین ئامادە بێت، بەڵام ترەمپ وتوویەتی یەکەم کەس دەبێت کە دوای کۆبوونەوەکە پەیوەندی پێوە دەکات. زێلێنسکی جەختی کردووەتەوە کە هەر رێککەوتنێک بەبێ ئامادەبوونی ئۆکرانیا "بڕیارێکی مردوو" دەبێت. 

هەردوو لایەنی روسیا و ئۆکراین خواستی ناکۆکیان هەیە. ئۆکراین سوورە لەسەر گەڕانەوەی تەواوی خاکەکەی، لە کاتێکدا پوتن لە داواکارییەکانی بۆ خاک و بێلایەنیی ئۆکراین پاشگەز نەبووەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی سی بی ئێس نیوز، ئیدارەی ترەمپ کار لەسەر رێککەوتنێک دەکات کە رێگە بە روسیا دەدات کریمیا و هەرێمی دۆنباس بهێڵێتەوە، لە بەرامبەردا لە ناوچەکانی خێرسۆن و زاپۆریژیا بکشێتەوە. ئەمە ئەو خاڵە شیکارییە هەستیارەیە کە چارەنووسی دانوستانەکان دیاری دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار