ترەمپ: پوتین شەڕ ڕانەگرێت، هیچ بازرگانییەک لەگەڵ ڕوسیادا ناکەین

12 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێگەی فڕۆکەیەکى تایبەتەوە ئاسمانى وڵاتەکەى بەجێهێشت و بەرەو ئەلاسکا بەڕێکەوت بۆ کۆبونەوە لەگەڵ هاوتا ڕوسیەکەى کەبڕیارە ئەمشەو کاتژمێر دە بەکاتى هەرێم بەڕێوەبچێت. 

ترەمپ لەنێو فڕۆکە تایبەتەکەیەوە قسەى بۆ رۆژنامەنووسان کرد، سەبارەت بە هاوتا ڕووسیەکەی وتی: تێبینیم کرد کە خەڵکی بازرگانی زۆر لە ڕووسیا دەهێنێت بۆ کۆبونەوەکەى ئەمڕۆ و ئەوەش شتێکی باشە. 

وتیشى: من ئەوەم پێ خۆشە، چونکە دەیانەوێت بازرگانی بکەن، بەڵام بازرگانی ناکەن تاوەکو شەڕەکە یەکلایی نەکەینەوە."

پێشتر ڕۆژنامەی تەلەگراف ئاشکرایکردبوو ترەمپ بە پاکێجێک لە هاندانە داراییەکانەوە بەرەو ئەنکۆرەیج دەڕوات کە بۆ ئەوەی ڕێگای ئاگربەست ئاسانتر بکات.

سەرۆکی ئەمەریکا قسەکانی پێشووی خۆی دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند، ئەگەر ڕێککەوتنێک نەکرێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکانی ئۆکرانیا، پوتین ڕووبەڕووی دەرئەنجامەکانی "زۆر سەخت" دەبێتەوە.

نرەمپ بەردەوامبوو لەقسەکانى ئەوەشى خستەڕوو کە پۆتین پێیوایە بەردەوامی هێرشەكانی بۆسەر ئۆكرانیا لە دانوستاندا هێزی پێدەبەخشێت، بەڵام من وای ئەبینم ئەوە زیانی پێئەگەیەنێت.

وتیشى: پۆتین زیرەكەو دەیەوێت مامەڵەی ئابوری لەگەڵ ئێمە بكات، بەڵام ئەمە ناكرێت تاوەكو لە شتە خراپەكە رزگارمان نەبێت كە جەنگە، پۆتین روبەڕووی سزای زۆر توند دەبێتەوە ئەگەر بایەخ نیشان نەدات بۆ كۆتایهێنان بە جەنگ.

دەشڵێت، لە کۆبوونەوەکە لەگەڵ پوتن، هەوڵی پاراستنی ئاسایشی ئۆکرانیا و ئەورووپا دەدەین، بەڵام لە دەرەوەی هاوپەیمانی ناتۆ. باسیشی لەوە کرد، ڕەنگە کۆبوونەوەکە ئەنجامێکی باشی هەبێت.

ترەمپ دووپاتیشی کردووە، ئەگەر جەنگی ئۆکرانیا کۆتایی نەیەیت و کۆبوونەوەکە بێ ئەنجام بێت، ئەوا دەرەنجامێکی خراپی بۆ ئابووری ڕووسیا دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لە ویلایەتی ئالاسکا لەبارەی پرسی ئۆکرانیا و باشترکردنی پەیوەندییە دوو لایەنەکان کۆببنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار