بارزانى: پارتی ئامرازێك بووە بۆ بەرگریكردن لە مافی گەلی كوردستان

3 كاتژمێر لەمەوپێش



مەسعود بارزانی دەڵێت، دامەزراندنی پارتی پێویستییەكی مێژوویی بوو بۆ بەردەوامی و درێژەپێدانی خەباتی گەلی كوردستان لە بەرامبەر "پیلانی نەیار و داگیركارانی كوردستان كە بە هەموو هێز و توانایەكیانەوە هەوڵی شكاندنی ئیرادە و بێدەنگكردنی خەباتی گەلی كوردستانیان دەدا". 
 
لە یادی 79 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دا بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەتا ئێستا ئامرازێك بووە بۆ بەرگریكردن لە ماف و پێناسە و بوونی گەلی كوردستان و لە هەمانكاتیشدا ئامراز بووە بۆ بەدیهاتنی ئامانجە دیموكراتی و نیشتیمانی و نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان".
  
پەیامی مەسعود بارزانی لە حەفتاو نۆیەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی حەفتاو نۆیەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم كادیر و ئەندام و جەماوەر و لایەنگرانی پارتی دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو چینوتوێژ و پێكهاتەكانی كوردستان دەكەم و هیوای ئاسوودەیی و سەربەرزییان بۆ دەخوازم.

دامەزراندنی پارتی لە شازدەی ئابی 1946ـدا پێویستیەكی مێژوویی بوو بۆ بەردەوامی و درێژەپێدانی خەباتی گەلی كوردستان لە بەرانبەر پیلانی نەیار و داگیركارانی كوردستان كە بە هەموو هێز و توانایەكیانەوە هەوڵی شكاندنی ئیرادە و بێدەنگكردنی خەباتی گەلی كوردستانیان دەدا. پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەتا ئێستا ئامرازێك بووە بۆ بەرگریكردن لە ماف و پێناسە و بوونی گەلی كوردستان و لە هەمانكاتیشدا ئامراز بووە بۆ بەدیهاتنی ئامانجە دیموكراتی و نیشتیمانی و نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان.

لە یادی شازدەی ئاب و دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا جەخت لەوە دەكەینەوە پارتی لە هەموو قۆناغەكاندا هەڵگری پەیامی ئاشتی و قووڵتركردنی فرەلایەنی و برایەتی و پێكەوەژیان بووە و لەوەدا ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆی لە وێستگە گرنگ و یەكلاییكەرەوەكانی مێژووی سیاسیی كوردستان و عێراق بە باشی گێڕاوە.

هەروەها پەیامم بۆ جەماوەر و لایەنگر و ئەندامانی پارتی ئەوەیە كە پارتی حزبی دۆز و بەها باڵاكانی گەلی كوردستانە و، پارتی حزبی ڕێبازی بارزانی و جێگەی ئومێدی خەڵكی كوردستانە. بۆیە پێویستە هەموو پارتییەكان لە ئاست گەورەیی مێژووی حزبەكەیان و خوێنی شەهیدان بن و دەبێ ئەركی خۆیان بە باشترین شێوە ئەنجام بدەن كە خزمەتكردن و ئاوەدانی و سەقامگیریی كوردستانە. داوا لە هەموو پارتییەكان دەكەم ئیرادە و هیوایان بەهێز بێ چونكە، پارتی بەهێز بێت كوردستان بەهێزە.

مسعود بارزانی
16ـی ئابی 2025

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار