عەلی حوسێن: هەوڵ دەدەین پێش هەڵبژاردن کابینەی نوێ پێکبهێنین

4 كاتژمێر لەمەوپێش



بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ڕاپەڕینی پارتی، دووپاتی کردەوە، لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتوون لە ئەیلوولی داهاتوو، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست بە کارەکانی بکات. دەشڵێت: لەگەڵ یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکوومەت هەنگاوی باشمان بڕیوە.

شەممە 16ـی ئابی 2025، عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ڕاپەڕینی پارتی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: لە دوا کۆبوونەوەی هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی، گەیشتنە ئەو بڕیارەی، کە لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست بە کارە ئاسایی و یاساییەکانی بکات، ئەمەش هەنگاوێکی ئەرێنییە.

جەختی لەوەش کردەوە، لەگەڵ یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکوومەت هەنگاوی باشیان بڕیوە. باسی لەوەش کرد، هەوڵەکانی هەردوولا بۆ ئەوەیە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنن.

لە بارەی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، عەلی حوسێن ئاشکرای کرد، بەغدا بەردەوام بیانوو بە هەرێمی کوردستان دەگرێت و پابەندی ڕێککەوتنەکان نابێت، هەروەها بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تاوانە.

گوتیشی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرجەم پابەندییەکانی خۆی لە بەرانبەر ڕێککەوتنەکان جێبەجێ کردووە، هەروەها هەموو هەنگاوێکی ئەرێنیشی ناوە بۆ چارەکردنی کێشەی مووچە، بەڵام ئەوە حکوومەتی عێراقە کە پابەندی ڕێککەوتنەکان نابێت.

هاوکات، جەختی لە پێویستی ڕێککەوتنێکی نوێ لە نیوان بەغدا و هەولێر کرد، بۆ مەبەستی چارەکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

لە بارەی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق و هەڵوێستی حزبەکەی، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ڕاپەڕینی پارتی، دەڵێت: بۆ ئەو مەبەستە پارتی لەگەڵ ئەو لایەنە ڕێککەوتن دەکات بۆ پێکهێنانی حکوومەت، کە پابەندی دەستوور بێت.

عەلی حوسێن، سەبارەت بە پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: پارتی هێشتا جێگەی متمانەی خەڵکی هەرێمە، پارتی هەمیشە بەهێزتر دەبێت، هەروەها داکۆکیکەرێکی سەرەکییە لە داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار