لەسلێمانی کۆنفرانسی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکرات دەستیپێکرد

8 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەمڕۆ چوارشەممە (27ـی ئاب) کۆنفرانسی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد، کە ژمارەیەک سەرۆک سەرکردەو کەسایەتیی سیاسی لە 21 وڵاتی جیهانەوە بەشداریی تێدا دەکەن.
لە یەکەم رۆژى کۆنفرانسەکەدا، یەکەمین کۆنگرەی ژنانی سۆسیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی دەبەسترێت و سەرۆکی یەکێتیی ژنانی سۆسیال دیموکرات هەڵدەبژێردرێت.
کۆنفرانسەکە بڕیارە بۆ ماوەى چوار رۆژ بەردەوام بێت، چەندین وتار، بابەت و پانێڵی جیاواز لەسەر پرسە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان پێشكەش دەکرێت.
کۆنفرانسەکە بە سەرپەرشتیی، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوەدەچێت و د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق بەشداردەبێت.
کۆنفرانسی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی، کە تاوەکو 30ـی ئاب بەردەوام دەبێت، ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییە هاوپەیمانییەکانی نێوان بزووتنەوە پێشکەوتووخوازەکانی عەرەب و کورد و پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوان پارتە سۆسیال دیموکراتەکانە.
هەروەها ئامانجیشی ئەوەیە، ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکانی پەیوەست بە وەڵامدانەوەی پرۆگرام و حوکمڕانی دیموکراتی بکرێت و لەو رێگەیەوە کار بۆ دامەزراندنی بناغە و دیدگایەکی سیاسی نوێ و پلانی ستراتیجیی سۆسیال دیموکراسی لە جیهانی عەرەبیدا دەکرێت.
لەلایەکى دیکەوە شاندێکی ڕۆژئاوای کوردستان کە پێکهاتوون لە هاوسەرۆکی پەیەدە غەریب حسۆ، ئەندامانی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە ساڵح موسلم و فۆزا یوسف گەیشتنە سلێمانی، بڕیارە بەشداری کۆنفرانسی "هاوپەیمانی سۆشیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی" بکەن کە لە ڕۆژانی ٢٧ بۆ ٣٠ ئاب بەڕێوەدەچێت.
