وەزارەتى دارایی هۆکارى نەناردنى ١٢٠ ملیارەکە ئاشکرادەکات

5 كاتژمێر لەمەوپێش



هەرچەندە چەند جارێک وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێم جەختى لەسەر ئەوەکردوەتەوە کە بۆ ناردنى ١٢٠ ملیار دینارەکە هیچ کێشەیەکیان نییەو ئامادەیە، بەڵام تائێستا نەنێردراوە بۆ بەغدا.

سەرچاوەیەکی ئاگاداریش لە وەزارەتی دارایی هەرێم سەبارەت بەهۆکارى نەناردنى پارەکە دەڵێت: 120 ملیارەکەمان ئامادەبوو بڕیار بوو ئەمڕۆ بنێردرێ، بەڵام بەهۆی گرفتێکی تەکنیکی کارەکە دواکەوتوە.

عەلى حەمەساڵح ئەندامى پەرلەمانى کوردستان، لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک پەیامێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوەدەخاتەڕوو، دەبوو کاتژمێر (١٠)ى سەرلەبەیانى ئەمڕۆ چوارشەممە بڕی (١٢٠ ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆی مانگی شەش  بخەنە سەر ژمارە حسابی بانکی ناوەندی بۆ ئەوەی سبەی (٩٧٤ ملیار) دیناری موچە بێت.
 
ئەو وتیشى: ئەم پارە هی مانگی (شەش) ە، ئامادەیە، ئەمڕۆ نەیانخستە سەر ژمارە حسابی بانکی ناوەندی هەولێر، بۆ نایکەن موچە بێت.

دوێنێ 26ی ئابی 2025، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، له کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیار درا دوای ناردنی 120 ملیار دینارەکە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ مووچەی مانگی 6ی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.

ئاماژە بەوەش دراوە: "ئەنجوومەن لیژنە هاوبەشەکانی هەردوو حکوومەتی ڕاسپارد بۆ بەردەوامبوونی کارەکانیان."

لای خۆیەوە سەرچاوەیەکی لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراقیش ڕاگەیاند: "هەر کات (ئیشعار)مان پێ بگات، پارە دەخەینە سەر هەژمای بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و کێشەی نەختینەمان نییە."

پێشتریش سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی دوێنێ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لە خەرجکردنی مووچەی مانگی شەش دا، ئێمەش ئامادەکاریی خۆمان دەست پێکردووە و 120 ملیار دینارەکەی داهاتمان ئامادەیه."

ئاماژەی بەوەش دا:"بەپێی ڕێکارێک، بڕی 120 ملیار دینار دەخرێته سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق."

سەرچاوەکەی داریی جەختی کردەوە، بۆ ناردنی 120 ملیار دینارەکە چاوەڕوانی نووسراوی ئەمیندارییەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقن کە ئەمڕۆ نووسراوی بڕیاری خەرجکردنی مووچە ڕەوانەی دارایی بکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار