ئاسۆ فەرەیدون: وون بوو كوژراو لەلالەزار هەیە چارەنوسیان ئاشكرابكەن

4 كاتژمێر لەمەوپێش



ئاسۆ فەرەیدوون ئەندامی پەرلەمانی عێراقە لە فراکسیۆنی یەکێتی، لەبارەی شەڕەکەی لالەزار چەند داوایەکی لە بافڵ تاڵەبانی هەیە و نووسیویەتی: رێگە بدەن بە پارێزەرانی (تۆمەتباران)ی لالەزار کە بیانبینن و بەرگریی یاساییان لێبکەن. دادگایی كردن لەو كەیسانە ئاشكرابن و یاسا سەروەر بێت و دەستێوردانی سیاسی نەبێت تاوەکو متمانەی هاووڵاتییانیش زیاتربێت بە دادگەكانمان.

هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو كاری جددی بكرێت كە كەناڵی زووم و كارمەندانی ئازادانە كاری خۆیان بكەن و كەلو پەل و ئۆفیسی كەناڵەكەیان بۆ بگەڕێنرێتەوە . 

دەقى نوسینەکە...

نامەیەكی كراوە بۆ بەرێز / بافڵ جەلال تاڵەبانی 
سڵاو و رێزی بێ پایانم ...
ساڵی ١٩٨٩ خوالێخۆشبووی خاڵم (موكەرەم تاڵەبانی) لەسەر ڕاسپاردەی حكومەتی ئەوكاتەی عێراق دەچێتە دەرەوەی وڵات بۆ بینینی خوالێخۆشبوان (مام جەلال) لەشاری لەندەن و (عەزیز محمد) لە شاری پراك ، بە مەبەستی دروستكردنی دەرچەیەك بۆ دانوستان لەدوای شاڵاوی ئەنفالی ساڵی ١٩٨٨ .
هەر لەوسات و وەختەدا ئامۆزایەكمان بەناوی (پیرۆت تاڵەبانی) لەگەڵ كاك (كەمال شاڵی) لای حكومەتی عێراق دەسگیركرابوون و حوكمی لە سێدارەدانیان بۆ دەركرابوو ، (موكەرەم تاڵەبانی) داوای لێخۆشبوون و ئازادكردنی حوكمدراوەكانی لەلای رژێمی لەناوچوو كرد.  
سەدام حسێن : ئەم گیراوانە تۆمەتبارن یان تاوانبار ؟
موكەرەم تاڵەبانی : بێگومان لە دیدی تۆدا تاوانبارن ، بۆیە هاتووم داوات لێ ئەكەم لێیان ببوریت و بیانبەخشیت .
لەپاشان ، ئازاد كران .  *(لە بیرەوەریەكانی موكەرەم تاڵەبانیەوە) 
( الأمثال تضرب و لاتقاس) 
لەو ڕووبەڕو بونەوەی شەوی ٢١/٢٢ مانگی ئاب ، لەبەردەم هۆتێل لالەزاردا سلێمانی شەوێكی ئێجگار سەخت و تاڵ و خوێناوی بەڕێكرد ، شەوێكی كەم وێنەبوو كەبە درێژایی چەند ساڵی ڕابردوو دانیشتوانی شاری سلێمانی نەیانبینیبوو .
هەموو ئەوانەی لە شەوی ڕووبەڕوبونەوەكەی لالەزاردا دەستگیركران تۆمەتبارن هەتا تاوانەکانیان بەسەردا ساغدەبێتەوە ، وە باوەڕمان وایەكە كە دادگا تۆمەتەكان یەكلایی دەكاتەوەو بڕیاری كۆتایی ئەدات .
لەسۆنگەی بەرپرسیارێتی و خەمخۆریەوە و بە حوكمی دۆستایەتی نێوانمان و وە بەو پێیەی جەنابتان جگە لەوەی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانن ، هاوكات هەڵگری ڕەگەزنامەی شانشینی یەكگرتووی بەریتانیان ، كە بێگومان (ئیمتیازات)و ماف و ئەركی هەیە ، وەك پارێزگاری پێشووی پارێزگای سلێمانی و نوێنەری پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، داواكارم لە بەرێزتان :
١/ جەنابتان كەسی یەكەمی باڵادەستن لەم ناوچەیەو سەنگ و پێگەتان پەیوەستە بە خەڵك و دانیشتوانی ئەم شارەوە  ، تكایە خەڵك و شاری سلێمانی ئاشت بكەنەوەو گرنگی بەو نیگەرانییەی خەڵكەكەی بدەن .
٢/لە شەوی ڕووبەڕوبونەوەكەی لالەزاردا چەندین كەس هەن كە ڕەنگە تەنها لە لالەزار بۆ بژێوی ژیان كاری ئاساییان كردبێت وە ئێستا دەستبەسەركراون و كەسوكارو خانەوادەكانیان لە دڵەڕاوكێی چارەنوسی كوڕو ڕۆڵەكانیاندان ، كە دەكرێت پەلە لە (لێكۆڵینەوە)كانیان بكرێت و بگەرێنەوە ناو كەسوكارو خێزانەكانیان ، ئەمەش رۆڵێكی گرنگی دەبێت بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخەكە .
٣/ لەبەر هۆكاری قورسی ڕوبەڕوبونەوەكەی لالەزار، وون بوو و قوربانی و كوژراو لە ئەندامانی هێزەكەی لالەزاردا هەیە ، داواكارم چارەنوسیان ئاشكرابكرێت و ڕاستی مان و نەمانیان بە كەسوكار و خانەوادەكانیان بووترێت ، وە كار بۆ ڕەواندنەوەی خەمەكانی ئەوانیش بكرێت ، چونكە دواجار ئەوانیش ڕۆڵەو هاوڵاتی ئەم نیشتمانەن .
٤/ رێگە بدەن بە پارێزەرانی (تۆمەتباران)ی لالەزار کە بیانبینن و بەرگری یاسایان لێبکەن و دادگایی كردن لەو كەیسانە ئاشكرابن و یاسا سەروەر بێت و دەستێوردانی سیاسی نەبێت تا متمانەی هاوڵاتیانیش زیاتربێت بە دادگاكانمان.
٥/ كاری جددی بكرێت كە كەناڵی زووم و كارمەندانی ئازادانە كاری خۆیان بكەن و كەلو پەل و ئۆفیسی كەناڵەكەیان بۆ بگەڕێنرێتەوە . 
لەکۆتاییدا هەموو ئەو ڕوداوانەی کەلەڕابردوو ڕوویاندا ،  متمانەو خەمخۆری و سەقامگیری لای تەواوی هاوڵاتیان لاوازدەکات ، جگە لە درووستبوونی تێڕوانینێکی نەرێنی دۆستەکانمان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا .
سوپاس بۆ تێگەیشتنی جەنابتان.
د.ئاسۆ فەرەیدوون علی ئەمین
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار