ئاگری شوقەکانی مامۆستایانی هەولێر کۆنترۆڵکرا

5 كاتژمێر لەمەوپێش
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگرێکی گەورە لە ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوونی شاری هەولێر کەوتەوە و بەرگریی شارستانیش دەڵێت؛ ئاگرەکە زیانی گیانی نەبووەو کۆنترۆڵکراوە.
ئاگر لە شوقەکانی مامۆستایانی هەولێر لەسەر شەقامی 150 مەتری کەوتەوە، بەهۆی ئاگرەکەوە ژمارەیەک هاونیشتمانی زۆر زەرەرمەند بوون و ماڵ و حاڵیان بەتەواویی سوتاوە.
بەپێى زانیاریەکانى پەیامنێری هاوڵاتى ئاگرەکە لە دووکانێکی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە کەوتووەتەوە و دەورووبەری گرتووەتەوە، هەرچەند تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن، بەڵام تا ئێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە، سەرباری ئەوەش زیانی گیانی لە ئاگرەکە نەزاندراوە.
شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ توانراوە زۆر بە خێرایی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر دەڵێت؛ پشکنینی تەواو بۆ باڵەخانەکە کراوە و هاونیشتمانیان رزگارکراون و باسی لەوەشکرد؛ ئەو کەسانەی بەهۆی ئاگرەکەوە تووشی تەنگەنەفەسی بوون رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
ئەوەشی خستەڕوو؛ هۆکاری ئاگرەکە هێشتا دیار نییە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن، گومانیش دەکەن رووپۆشی باڵەخانەکە هۆکار بێت لەخێرا تەشەنەکردنی ئاگرەکە.
باسی لەوەشکرد، لە ئەگەری بوونی هەر کەمووکوڕییەک لە یەکەی نیشتەجێبوونەکەدا رێکاری یاسایی دەگرنەبەر.
