فەرمانى دامەزراندنی دەرچوانى کۆلێژە پزیشکییەکان واژۆکرا

9 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی فەرمانی دامەزراندنی سەدان دەرچووی کۆلێژە پزیشکییەکانی هەرێمی کوردستانی واژۆ کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، 01ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانی دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژی پزیشکی زانکۆکانی (سلێمانی، هەولێری پزیشکی، دهۆک، زاخۆ، کۆیە، گەرمیان و زانکۆی کوردستان)ـی دەرکرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوانەی فەرمانی دامەزراندنیان بۆ دەرچووە "ژمارەیان 775 دەرچووی ساڵی خوێندنی ( 2023- 2024 )ـن لە سەر میلاکی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە ناونیشان و مووچە و دەرماڵەی شایستە و لەسەر داهاتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان."
حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختیشی کردووەتەوە "ئەم فەرمانە لەبەر پێویستی زۆری دامودەزگاکانی تەندروستی هەرێمی کوردستان بە ڕاژەی پزیشکی نیشتەجێی خولاو دەرچووە."
ئەمە لە کاتێکدایە، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، گرنگیدان و بەرەوپێشبردنی کەرتی تەندروستی کردە خەمی سەرەکیی خۆی و کارە هەرە لە پێشینەکانی.
سەرەڕای قەیرانەکان و سەختی دۆخی ئابووری و سنووردارکردنی هاوکارییە تەندروستییەکان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە، دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان و بەهێزکردنی ژێرخانی تەندروستی، جێی بایەخ و کاری لە پێشینەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە.
