ترەمپ ئەمڕۆ ناوى وەزارەتی بەرگری دەگؤرێت بۆ وەزارەتى جەنگ

24 كاتژمێر لەمەوپێش
کۆشکی سپی رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا، رۆژی هەینی، فەرمانێكی جێبەجێکاری واژۆ دەکات بە گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگری بۆ وەزارەتی جەنگ، ئەوەش لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی بەڵێنێک كە بەم دواییە داویەتی.
کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەكردووە: ترەمپ فەرمانێكی جێبەجێکردن واژۆ دەکات بۆ گەڕاندنەوەی ناوی مێژوویی وەزارەتی جەنگ، وەک ناوی دووەم بۆ وەزارەتی بەرگری.
راشیگەیاندووە: ئەم ناوە زیادەیە جێگەی ناوە بنەڕەتیەكە دەگرێتەوە کاتێک رێکارە پێویستەکان بەتایبەتی لە کۆنگرێس تەواو دەبن.
ترەمپ لەكاتی ئاشكراكردنی خواستی خۆی بۆ گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگری بە رۆژنامەنوسانی وت: ناوی بەرگری زیاد لە پێویست بەرگرییە، ئێمە دەمانەوێت هێرش بەریش بین.
کۆشکی سپی لەبارەی خواستی ترەمپ بۆ گۆڕینی ناوەکە پاساوی ئەوە هێناوەتەوە، سەرۆک پێی وایە ئەم وەزارەتە دەبێت ناوێکی هەبێت کە رەنگدانەوەی هێزو توانای بێهاوتای خۆی بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان، جەختیشكردووە، ئەمریکا خاوەنی گەورەترین هێزی سەربازییە لە جیهاندا.
بەگوێرەی کۆشکی سپی، ئامانجەكە چەسپاندنی ئاشتیە لەڕێگەی هێزەوەو، زامنكردنی ئەوەیە، جیهان جارێکی دیکە رێز لە ئەمریکا دەگرێت.

