وەزارەتى دارایی بۆ لێخۆشبوونى قەرزەکان رێنماییەکى نوێ دەردەکات

3 كاتژمێر لەمەوپێش



بڕیارە هەفتەى داهاتوو وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان رێنمایی بۆ لێخۆشبوونى لە 15%ى قەرزى سەر هاونیشتمانییان دەربکات، کە لە کۆبوونەوەى رۆژى چوارشەممەى ئەنجوومەنى وەزیران بڕیارى لەبارەوەدرا.

بەگوێرەى زانیارییەکان، هەفتەى داهاتوو وەزارەتى دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان کۆبوونەوەیەک ئەنجامدەدات و لە کۆبوونەوەکە رێنمایی بۆ لێخۆشبوونى 15% قەرزە حکومییەکانى سەر هاونیشتمانییان دەردەکات.

هەربەگوێرەى زانیارییەکان، لە رێنماییەکاندا مەرجى لێخۆشبوونى لە 15% قەرزەکان، دانەوەى سەرجەم قەرزەکانى کەڵەکەبووە تاوەکو کۆتا رۆژى ئەمساڵ.

لێبخۆشبوونەکە قەرزی خانووبەرە، کشتوکاڵ، پیشەسازی، نیشتەجێکردن و گەشتیاری دەگرێتەوە

ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان لە رۆژى چوارشەممە رایگەیاند، بەمەبەستى ئاسانکاریی دانەوەى پێشینە و قەرزەکانی تایبەت بە بوارەکانی (خانووبەرە، کشتوکاڵ، پیشەسازی و نیشتەجێکردن و گەشتیاری) کە پێشتر بە هاونیشتمانییان دراوە بڕیاردرا بە لێخۆشبوونى 15٪ ئەو پێشینە و قەرزانە، سەرەڕای لێخۆشبوون لە تەواوی سوودی بانکی و پێبژاردنی دواکەوتنی دانەوەی قەرزەکان.

ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان ئەوەشى راگەیاند، لێخۆشبوونەکە تاوەکو 31ى کانوونى یەکەمى ئەمساڵ بەرکاردەبێت.

باسی لێخۆشبوون لە پێشینەی هاوسەرگیری و بازرگانی و قەرزی بچووک نەکراوە

لە راگەیەندراوە فەرمییەکەى حکومەتى هەرێمى کوردستان تەنیا باس لە پێنج جۆر قەرز و پێشینەکراوە و هیچ باسێک لە لێخۆشبوونى 15% پێشینەى هاوسەرگیرى، پێشینەى بازرگانى و قەرزى پرۆژە بچووکەکان نەکراوە و تاوەکو دەرکردنى رێنماییەکان نازانرێت لێخۆشبوونەکە ئەو قەرزانە دەگرێتەوە یاخود نا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار