بارزانی: شۆڕشی ئەیلوول گەورەترین شۆڕشی سیاسی و چەكدارى بوو

4 كاتژمێر لەمەوپێش



مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، لە یادی 64 ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، شۆڕشی ئەیلوول لاپەڕەیەكی زێڕینی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و گەورەترین شۆڕشی سەرتاسەریی سیاسی و چەكداری و جەماوەریی كوردستان بوو كە هانی خەڵكی كوردستانی دا بە هێز و بڕوابەخۆبوونەوە بەرەو ئامانجی نوێ و ئاسۆیەكی بەرفراوان هەنگاو بنێن. 

ئەمە دەقی پەیامەکەیە:
پەیامی سەرۆك بارزانی لە یادی شەست و چوار ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

شۆڕشی ئەیلوول لاپەڕەیەكی زێڕینی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و گەورەترین شۆڕشی سەرتاسەریی سیاسی و چەكداری و جەماوەریی كوردستان بوو كە هانی خەڵكی كوردستانی دا بە هێز و بڕوابەخۆبوونەوە بەرەو ئامانجی نوێ و ئاسۆیەكی بەرفراوان هەنگاو بنێن و لە ئەنجامدا دۆزی گەلی كوردستان قۆناغی گەورە ببڕێت.

ئەم شۆڕشە بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا بناخەیەكی پتەوی بۆ تێكۆشان و خەباتی هاوبەشی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان و گشت چینوتوێژەكان و پێكهاتەكانی كوردستان دانا، ئەویش لەپێناو بەرگریكردن لە دۆزی ڕەوا و مافەكانی خەڵكی كوردستان. شۆڕشی ئەیلوول بۆ قۆناغەكانی تری خەباتی گەلی كوردستانیش سەرچاوەی هێز و ئیلهام بووە و، ئەزموون و دەستكەوتەكانی ئەو شۆڕشە مەزنە بۆ هەمیشە بەرچاوڕوونی دەداتە خەبات و تێكۆشانی گەلی كوردستان.

لە یادی شەست و چوار ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولدا دەستخۆشی و پێزانینم بۆ هەموو ئەو كادیر و پێشمەرگە و خەباتگێڕانە هەیە كە بە پێداگری و بوێری و ماندوویەتیی خۆیان مێژوو و شانازییان بۆ گەلەكەیان تۆمار كردووە. هەر لەم یادەدا هەزاران سڵاو بۆ شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان دەنێرین.
مسعود بارزانی
11ـی ئەیلوولی 2025

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار