ژنێک دەبێتە سەرۆکوەزیرانی نیپاڵ

4 كاتژمێر لەمەوپێش



سوشیلا کارکی سوێندی یاسایی خوارد و وەکو یەکەم سەرۆکوەزیرانی ژن لە نیپاڵ دەستبەکار بوو.

کارکیی تەمەن 73 ساڵ کە بە پێداگرییەکەی لەسەر سەربەخۆیی و راستگۆیی ناسراوە، زۆرجار باسی لە پێویستیبوونی شەفافیەت و سەربەخۆیی لە دەسەڵاتی دادوەری کردووە.

رۆژی هەینی 12-09-2025 کیران پۆخارێل، راوێژکاری میدیایی سەرۆکایەتیی نیپاڵ رایگەیاند، "سەرۆک رام چاندرا پادێل، سوشیلا کارکی وەکو سەرۆکوەزیران دەستنیشان دەکات." هەر ئەمڕۆش کارکی سوێندی یاسایی خوارد.

نیپاڵ چەند رۆژێک بە زنجیرەیەک خۆپێشاندانی خوێناویدا تێپەڕی و تێیدا پەیکەری حکومەت هەژا. ئەوانەی خۆپێشاندانیان کرد، زۆرینەیان گەنج بوون و ناویان لەخۆ ناوە نەوەی زێد (Gen Z).

نەوەی زێد هەڵبژاردنی کارکی بەلاوە پەسندە. کارکی بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "ئەوان بۆ سەرکردایەتیکردنی وڵاتەکە بۆ ماوەیەکی کورت متمانەیان پێمە، تاوەکو هەڵبژاردن دەکرێت."

ئەنیل کومار سینها، دادوەری پێشووی دادگەی باڵا کە لەگەڵ کارکی کاری کردووە، گوتی، "کارکی کەسێکی متمانەپێکراوە بۆ سەرکردایەتیکردنی حکومەتی کاتی؛ راستگۆییەکەی گومانی لەسەر نەبووە؛ کەسێک نییە بترسێنرێ یان بە ئاسانی کاریگەری لەسەر کارەکەی دروست بکرێت."

لە گوتارێکدا کە سەرەتای ئەم ساڵ لە میدیاکانی نیپاڵ بڵاوکرایەوە، کارکی باسی لە گەندەڵی کرد و گوتی، "ئێمە لە هەموو شوێنێک دەیبینین، بەڵام قسە ناکەین. ئێستا پێویستە گەنجان قسە بکەن، پێشەنگ بن و لە هەڵبژاردنەکاندا دەربکەون. ئەوەی لە 35 ساڵی رابردوودا بینیم کاریگەری نییە. من 100% لە بەرژەوەندی هاتنەپێشەوەی گەنجانم."

ماوەی کارکی وەک سەرۆکی دادگەی باڵا لە 2016 بۆ 2017 کورت بوو بەڵام گرنگ بوو؛ پرسی جێندەریی وروژاند و لەسەر گەندەڵی رووبەڕووی سیاسەتڤانان بووەوە.

کارکی لە کۆمەڵگایەکدا گەورە بووە کە ژنان بە دەگمەن دەچوونە نێو بواری یاسا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار