ئەمڕۆ موڵکەکانی چاڤى دەخرێنە زیادکردنی ئاشکراوە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



بڕیارە کاتژمێر 12ـی ئەمڕۆ یەکشەممە 5-10-2025، سەرجەم موڵکەکانی کۆمپانیای چاڤی کە ژمارەیان 60 موڵکە و خاوەندارێتیی بۆ شاسوار عەبدولواحید دەگەڕێتەوە لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بفرۆشرێن.

شیلان عارف، بریکاری وەزارەتی داد، دەڵێت: ئەو موڵکانەی شاسوار عەبدولواحید لە چاڤیلاندن، پێشووتر بەناوی کۆمپانیای نالیا قەرزی وەرگرتووە، چەندین ساڵە دۆسیەی قەرزی هەیە و گەیشتووەتە قۆناغی فرۆشتنی ئاشکرا، ئەمەش لە بری قەرزەکانی وەزارەتی داراییە.

بەگوتەی شیلان عارف، دۆسیەیەکی دیکەش هەیە تایبەت بە قەرزەکانی وەزارەتی کارەبا، بەڵام ئەو دۆسیەیە وەستێنراوە تا دۆسیەی قەرزەکانی وەزارەتی دارایی یەکلایی دەبێتەوە.

هەفتەى ڕابردوو  بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە بەرواری 5ـی 10ـی 2025، کە دەکاتە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، پڕۆسەی فرۆشتنی زیادکردنی ئاشکرای موڵکەکانی (کۆمپانیای چاڤی بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری - هاوپشکی تایبەت) لە بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی بەڕێوە دەچێت.

ڕاگەیەندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکان / وەزارەتی دارایی و ئابووری

لەبەرواری ( ٢٠٢٥/١٠/٥ ) کە دەکاتە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو پڕۆسەی فرۆشتنی زیادکردنی ئاشکرای موڵکەکانی ( کۆمپانیای چاڤی بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری - هاوپشکی تایبەت ) لەبەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی بەڕێوە دەچێت کە ژمارەیان ( ٦٠ ) موڵکە، بەمەبەستی گەڕانەوەی قەرزەکانی بانکەکانی سەر بەوەزارەتمان کە بڕەکەی ( ٩١،٧٦٠،٦٦٠،٣٥٠ ) نەوەد و یەک ملیار و حەوتسەد و شەست ملیۆن و شەشسەد و شەست هەزار و سێسەد و پەنجا دینارە و سەرجەم موڵکەکانیش بەیەک پاکێج دەفرۆشرێن.
بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتمان بەشدار دەبێت لە پڕۆسەی زیادکردنەکە، هەر کەس و لایەنێک دەیەوێت بەشداری لە پڕۆسەی زیادکردنەکەدا بکات، دەتوانێت لە نزیکترین کاتدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی بکات بەمەبەستی دەستخستنی زانیاری و ئەنجامدانی ڕێکارە کارگێڕی و یاساییەکان.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکان / وەزارەتی دارایی و ئابووری 
٢٠٢٥/٩/٢٨ 

تێبینی؛ لیستی سەرجەم موڵکەکان هاوپێچە کە تیایدا بەخشتەیەک کە ناوی سەرجەم موڵکەکان و ڕوبەروو ژمارەی تۆمارەکانیان ڕوون کراوەتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار