ئاگرى بەنزیخانەکەی هەولێر کۆنترۆڵکرا

3 كاتژمێر لەمەوپێش



ئاگر لە بەنزیخانەیەک لە گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری هەولێر کەوتەوە ئاگرەکە لەکاتی بەتاڵکردنی تانکەرێکی سووتەمەنیدا ڕوویداوە. بەوهۆیەوە حەوت کەس برینداربوون و دوو لە بریندارەکان ڕێژەی سووتاوییان زۆرە.

بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئاگرەکە لە کاتی بەتاڵکردنی سووتەمەنی لە تانکەرێکەوە بۆ نێو کۆگاکانی بەنزیخانەکە ڕوویداوە. هەر بەهۆی ئاگرەکەوە، حەوت کەسی بریندار ڕەوانەی نەخۆشخانەی تایبەت بە سووتاوی کراون، کە بەپێی زانیارییەکان، دوو کەسیان ڕێژەی سووتاوییەکەیان زۆرە.

جەنگی مەجید، بازرگانی سووتەمەنی و خاوەنی بەنزینخانە لە شاری هەولێر وتى، "بەنزینخانەکە بەنزینی حکومیی 750 دیناری دابەش دەکات، ئەمڕۆ بەنزینی بۆ چووە و لەکاتی بەتاڵکردنەوەیدا ئاگر تێیدا کەوتووەتەوە."

ئەو بازرگانەی سووتەمەنی، کە ئاگاداری رووداوەکەیە، گوتیشی، "ئەو بەنزینەی ئەمڕۆ بۆ بەنزینخانەکە چووە، سبەی دابەش دەکرا. ئەمڕۆ دابەشکردن نەبووە و بەنزینخانەکە چۆڵ بووە، ئەوەش هۆکارە کە زیانی کەمتر هەبێت."

تەقینەوەی بەهێز لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەکە ڕوویداوە، کە بووەتە هۆی سووتانی ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی نزیک ڕووداوەکە. هاوکات زیانێکی زۆری ماددی بەر چەند ماڵێکی دەوروبەری بەنزیخانەکەش کەوتووە.

تیمەکانی بەرگریی شارستانیی بەزوویی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و بەخێرایی ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد.

 خاوەنی بەنزینخانەکە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا  سوپاسی هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەکات کە زۆر بەخێرایی گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و ڕێگەیان نەداوە ئاگرەکە زیاتر تەشەنە بکات.

 شایەدحاڵەکان باس لەوە دەکەن بەهۆی کاریگەریی تەقینەوەی بەنزینخانەکە، شووشەی پەنجەرەی خانووەکانی دەوروبەری بەنزینخانەکە بە دووری دەیان مەتر شکاوە و، تەقینەوەکە دەنگێکی ئێجگار تۆقێنەری هەبووە و ترس و دڵەڕاوکێی لەلای دانیشتووانی گەڕەکی فەرمانبەران دروستکردووە، هاوکات تینی ئاگرەکە کەشی ناوچەکەی بۆ کاتژمێرێک گەرم کردووە و خنکاندووە. لە ترسی تەشەنەسەندنی زیاتری ئاگرەکە، خەڵکەکە هەڵساون بە گواستنەوەی ئۆتۆمبێل و کەلوپەلەکانیان بۆ شوێنێکی سەلامەت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار