وەزیری پەروەردە: نزیکەی ٧٠%ی قوتابخانەکان یەک دەوامن

12 كاتژمێر لەمەوپێش



وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئێستا لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٧٠%ی قوتابخانەکان یەک دەوامیان تێدا دەکرێت، تەنیا لە ١١ قوتابخانە سێدەوامی ماوە، کار دەکەین بۆ ئەوەی لە سەرجەم قوتابخانەکان دوو دەوامی نەمێنێت، چونکە ئێستا تەنیا لە ٢٩%ی قوتابخانەکان دوو دەوامی دەکرێت.

د. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لە ھەرێمی کوردستان ٦٩%ی قوتابخانەکان تەنیا یەک دەوامیان تێدا دەکرێت، ١١ قوتابخانەمان ھەیە سێ دەوامین ئەوانەی دیکە دوو دەوامین، ئامانجمانە ھەموو قوتابخانەکان بکرێنە یەک دەوام، بۆ ئەوەی سیستەمەکە لە تەواوی قوتابخانەکانی ھەرێمی کوردستان ببێتە یەک دەوامی.

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەروەھا ڕوونیشی کردەوە، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا، بەم قوتابخانانەشەوە کە دوێنێ کرانەوە، ٢٤٣ باڵاخانەی نوێ کەوتوونەتە خزمەتی قوتابیان، لە ھەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، دوو ھەزار و ١٣٤ قوتابخانە نۆژەن کراونەتەوە و ٦٢٩ ژووری زیادە بۆ ئەو قوتابخانانەی پێویستیان بووە، دروستکراون، بە دروستکردن و فراونکردنەوە کۆی گشتی ٤ ھەزار و ٤١١ ژوور لە ھەموو ھەرێمی کوردستان بۆ قوتابخانەکان دروست کراون. لەم کابینەیەدا زیاتر لە ١١٨ ھەزار شوێنی نوێمان بۆ قوتابیان دابین کردووە، ئێستا ٣٠ قوتابخانە کاریان تێدا دەکرێت بۆ ئەوەی لەمساڵەوە بکەونە خزمەت قوتابیانەوە.

دوێنێ چوارشەممە، ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە مەڕاسیمێکدا چوار باخچە و ٢٥ قوتابخانەی حکوومیی نوێی کردنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار