نوێترین زانیارى  لەسەر تەندروستی لاهور و پۆلاد شێخ جەنگی

3 كاتژمێر لەمەوپێش



پۆڵاد شێخ جەنگی، برای لاهوور شێخ جەنگی، کە لە زیندانی کانی گۆمەی سلێمانی دەستبەسەرە، بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە بنەماڵەی لاهوور شێخ جەنگییەوە  ئاشکرا کراون، تەندروستیی پۆڵاد شێخ جەنگی ناجێگیرە، تووشی هەوکردنێکی زۆر و تەنگەنەفەسی بووە و بە زەحمەت هەناسەی داوە. دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە و وەرگرتنی چارەسەری پێویست، ناوبراو گەڕێندراوەتەوە بۆ زیندان.

 هاوکات، خانەوادەی ناوبراو ئاشکرایان کردووە کە لە سەردانێکیاندا بۆ زیندانی کانی گۆمە، بۆیان دەرکەوتووە کە ژوورەکەی لاهوور شێخ جەنگی گۆڕدراوە و بۆ ژوورێکی بچووکتر گواستراوەتەوە کە "وەک پێویست نییە". سەرەڕای ئەمەش، لە ژوورە نوێیەکەیدا کتێب و تەلەفزیۆنی بۆ دابینکراوە و هەواگۆڕکێی هەیە.

بورهان ڕەشید گوڵە، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی،  دەڵێت لەسەر داواکاریی خۆی، داوایان کردووە ڕێگە بە لاهوور شێخ جەنگی بدرێت ڕۆژانە بۆ ماوەی کاتژمێرێک بچێتە دەرەوە و بەر تیشکی خۆر بکەوێت، ئەمەش بۆ پاراستنی تەندروستیی. بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی ئەو داواکارییەیان نەدراوەتەوە.

شەوی 22ی ئابی ئەمساڵ، دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریی خوێناویدا، هێزە ئەمنییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل و پۆڵاد شێخ جەنگی برای و سەدان کەسی دیکەیان  دەستگیرکرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار