ئامانج ڕەحیم: هەرێم ئامادەیە 120 ملیار دینار بنێرێت تا موچەبێت

8 كاتژمێر لەمەوپێش
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران دەشڵێت، ئامادەییان دەربڕیوە لە بەرامبەر ناردنی مووچەی مانگی ئاب، 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا بکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ چارەسەرکردنی یەکجاریی پرسی نەوت، پێویستە یاسای نەوت و گازی فیدراڵی دەربچێت.
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەچاوپێکەوتنێکى ڕۆژنامەوانیدا راگەیاند، ''چارەسەری کۆنکرێتی بۆ پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە لە داهاتوودا یاسای نەوت و گازی فیدراڵی دەربچێت.''
ئامانج رەحیم ئاماژەی بە رێککەوتنی سێقۆڵیی حکومەتی فیدراڵی، هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان کرد بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت و گوتی، رێککەوتنەکە بۆ قۆناخێکی راگوزەری بەر لە دەرکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵییە.
یەکێک لە بەربەستەکانی بەردەم خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، رادەستکردنی بەشێک لە داهاتی نانەوتییە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگەکانی ئایار، حوزەیران و تەمموز 120 ملیار دیناری وەک داهاتی نانەوتی خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق.
بەگوتەی ئامانج رەحیم لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، بڕیار دراوە لەسەر پرسی رادەستکردنی بڕی داهاتی نانەوتی نامەیەک ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بکرێت.
وەک سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت، ''لە کۆتایی نامەکەدا باس لەوە کراوە تاوەکو ئەم پرسە یەکلایی دەبێتەوە، هەرێمی کوردستان ئامادەیە وەکو سێ مانگی پێشوو، لە ناردنی بڕی 120 ملیار دینار، لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان هەردوو لا دەکرێت، بەردەوام بێت.''
گفتوگۆکان بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی داهاتی نانەوتی لەنێوان هەردوو حکومەت بەردەوامن. ئامانج رەحیم جەختی لەوە کردەوە، هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ ئەوەی کە حکومەتی فیدراڵی پێنج مووچەی مانگەکانی 8، 9، 10، 11 و 12 ـی ئەم ساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج نەکات.
23ـی ئەیلوول، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و بڕیاری دا مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات. تاوەکو ئێستا مووچەکانی مانگی ئاب و ئەیلوول خەرج نەکراوە.
