لە ساتەوەختی کشانەوە بۆ قەندیل: زمانی جەستەی گەریلاکان چی درکاند؟ 

6 كاتژمێر لەمەوپێش



د. سەڵاحی گەرمیان

 لە هەنگاوێکی دراماتیکی تردا و لەدوای پرۆسەی سوتاندنی چەک لە نزیک ئەشکەوتی جاسەنە، پارتی کرێکارانی کوردستان، کشانەوەی گروپێک لە گەریلاکانی خۆی لەناو خاکی تورکیاوە بەرەو چیای قەندیل ڕاگەیاند. وەک نیازپاکییەک لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی گەریلاکان کە سەرکردەی زیندانیکراو عەبدوڵڵا ئۆ جەلان بانگەوازی بۆ کرد لە دورگەی ئیمرالییەوە. 

ئەم هەنگاوە، هەر وەک هەنگاوی سووتاندنی ئەو چەکانەی کە سەردەمانێک هاوڕێی خەباتی گەریلاکان بوو، بۆ زۆر کەس و لایەن پرسیارگەلێکی قووڵی ورووژاند. لە هەلومەرجێک کە تیایدا دەسەڵاتداران لە تورکیا پێداگری ئەکەن و ڕاشکاوانە دەریئەبڕن کە ئامانجیان تەنیا "نەهێشتنی تیرۆر"ە. سەرەڕای ئەو هەموو دەستپێشخەریانەش، بەرپرسانی حکومەتی تورکیا  لە گشت لێدوانەکانیاندا، کە تازەترینیان لێدوانی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیایە، پارتی کرێکارانی کوردستان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ئەناسێنرێت. هەروەها تەنانەت لە کەناڵە میدیا فەرمییەکانەوە، بەهیچ شێوەیەک ناوی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری کێشەی کورد و داننان بە مافی گەلی کوردی ناهێنرێن. 

تا ئەمڕۆ، دەوڵەتی تورکیا هەنگاوی کرداری بەرچاوی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە نەناوە وەک نیشاندانی نیازپاکی، ئازادکردنی زیندانیان وەک نموونە، کە لە ئێستادا بە دەیان هەزار کورد لە زیندانەکانی تورکیادان و، سیاسەتی دانانی “قەیوم” لە جێی سەرۆک شارەوانییە کوردەکان هەر بەردەوامە. 

بە هۆی گومان لە نیازپاکی بەرپرسانی حکومەتی تورکیاوە، هەستێکی ئاڵۆز دروست بووە لەناخی هەزاران گەریلا کە تەمەنی لاوێتیان لە چیاکانی کوردستان و سەنگەرەکانی خەبات و بەرگری بەسەر بردووە. چونکە لای ئەوان، خەباتی چەکداری تەنیا تاکتیکێکی سەربازی نەبووە، بەڵکو بۆ ئەوان پرسێکی وجودی و ئامرازێک بۆ دەستەبەرکردنی مافی ڕەوا و دژایەتیکردنی ستەمێکی مێژوویی بووە.

هەر بۆیە، ئەو خەمبارییە زۆرەی بەڕوونی بەدی ئەکرا لە ڕووخساری گەریلاکاندا لە ڕێوڕەسمی کشانەوەیاندا بۆ چیای قەندیل، لای زۆرێک لە چاودێران جێگای سەرنج و تێڕامان بوو.  ئەکرێت خوێندنەوەی سایکۆڵۆجیانەی زمانی جەستەی بۆ بکرێت و، وەک ڕەنگدانەوەیەکی بەرچاوی نائومێدی و بێهیوایی لە پرۆسەیەک کە لەپێناو ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی بانگەوازی بۆکراوە، تێڕوانینی بۆ بکەین. 

زمانی جەستە، هەڵسوکەوت و دەربڕینی نازارەکییە و، زۆرجار ڕوونتر مەبەست ئەگەیەنێت وەک لە دەربڕین بەڕێی وشەوە. لەم ڕووەوە، دڵتەنگی یان خەمباری یەکێکە لەو هەستەی کە بە ڕوونی لە ئەنجامی نائومێدی یان لە لەدەستدانی شتێکی بەهادار یان گرنگ دروستئەبێت و، زیاتر بە ڕووخسار و جەستەدا دەرئەکەوێت و شاردنەوەی ئەستەمە. لەوانەشە خەمباری دەربڕینی پەیامێک، ڕەنگدانەوەی هەڵوێستێک، یان ناڕەزایەتییەکی بێدەنگ بگەیەنێت.

لەگەڵ ئەوەی لەم پرسەدا، خەمباری وەک زمانی جەستە، دەربڕینی بێهیوای و نیگەرانی بێت لە ناڕوونی ئاسۆی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری كێشەی کورد لە تورکیادا، ئەکرێت هۆی ئەوە بۆ چەندین  هۆکاری تری دەروونی و سیاسی بیگێڕینەوە:

:: بۆ گەریلاکان، کشانەوە بە واتای دابڕانە لەو خاکەی کە هۆگری بوبوون کە ئەشێت ببێتە هۆکاری دەربەدەری و هەڵکەندن لە ڕیشەوە. چونکە چەندین ساڵە چیاکانی باکور بۆ زۆرێک لە گەریلاکان شوێنی حەوانەوە و ئەنجامدانی چالاکی بووە و تەمەنی لاوێتیان تیادا بەسەر بردووە. 

:: ناڕوونی چارەنووسی گەریلاکان پاش کشانەوە بۆ قەندیل و دڵنیانەبوون لە ژیانی داهاتوویان لە ئەگەری ڕێکەوتن، ئەوەش دڵەڕاوکێ و دڵتەنگی لایان دروستئەکات.

:: هەستی لەدەستدانی ئەو ئامانجە سەرەکییەی کە بۆی ژیاوون و لە پێناویدا خەباتیان کردووە و، نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون لە پرۆسەی گواستنەوە لە ململانێی چەکدارییەوە بۆ چارەسەری سیاسی بەهۆی خۆدزینەوەی حکوومەتی تورکیا لە داننانی ڕاشکاوانە بە داخوازییە ڕەواکانی گەلی کورد. 

::  دەرنەکردنی یاسای تایبەت بە ئازادی و دیموکراسی و لێبوردنی گشتی و داڕشتنەوەی یاسای سزادانی دژە تیرۆر لەلایەن حكومەتی تورکیاوە، تەسلیمبوونی تاکلایەنە ئەگەیەنێت.

::  ترس لەوەی پرۆسەکە تەنیا مانۆڕێکی سیاسی بێت، حکومەتی تورکیا لەڕووی سیاسییەوە ئیستغلالی بکات وەک بەڕێوەبردنی قەیرانەکان نەک چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەکان. 

:: بەردەوامی گۆشەگیریی ئۆیجەلان و نەبوونی چاودێریی سەربەخۆ بۆ پرۆسەی ئاشتی، هەڕەشەی بەردەوام لە ڕۆژئاوا، گومان لەسەر جددیەتی دەوڵەتی تورکیا لە ڕێبازی ئاشتەواییدا دروستئەکات.

بۆیە ئەکرێت بڵێین، سیمای خەمباریی و نیگەرانی گەریلاکان بنەمایەکی دەروونی قووڵی هەیە و لە ئەنجامی ئەو پارادۆکسەی کە سەریهەڵداوە بەهۆی گوێڕایەڵی بۆ بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆیجەلان، وەک ڕێبەر و سەرکردە و ڕەمزێک و، ئەو بێمتمانەییەی بە ڕژێمی تورکیاو گوتاری فەرمیی کە پێداگری لەسەر یەک ئامانج ئەکات کە بریتییە لە "تورکیایەکی بێ تیرۆر". بێ لەبەرچاوگرتنی ئامانجی سیاسی و مافی ڕەوای گەلی کورد.

بەڵام سەرەڕای نیگەرانی لە هەڵویستی نەرێنی حکومەتی تورکیا کە گومان ئەکرێت پرۆسەکە وەک چەواشەکاری میدیایی بەکاربهێنرێت تا خزمەت بە ئەجێندای سیاسی ئەردۆگان بکات. ڕاگرتنی شەڕ خۆی لەخۆیدا هەنگاوێکی ئەرێنی هیوابەخشە. ڕاگەیاندنی چەکداماڵین و کشانەوەی گەریلاکان پەیامێکی ئاشتیخوازانەی گرنگ ئەدات بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەوڵەتی تورکیا ناچارئەبێت بە هەڵوێست و سیاسەتی شەرەنگێزی خۆیدا بچێتەوە لە پێناو گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام و کۆتایهینانی بە خوێنڕشتن و کاولکاری.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار