دواى راگرتنى هەناردەى نەوت، عێراق رۆژانە 128 ملیۆن دۆلار زیانى لێدەکەوێت 

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ڕوانگەی ئیکۆ-عێراق ئاشکرای کرد، بەهۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی کێڵگە نەوتییەکانی ڕومەیلە و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، بەهۆى لێکەوتەکانى شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ، عێراق ڕۆژانە 128  ملیۆن دۆلار زیانى لێ دەکەوێت.

ڕوانگەی ئیکۆ-عێراق ، ئەمڕۆ سێشەممە 3ى ئادارى 2026 ڕایگەیاند، کێڵگەی ڕومیلە ڕۆژانە نزیکەی ملیۆنێک و 400 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، هاوکات توانای بەرهەمهێنانی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 200 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، بەوەش کۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانى نەوتى عێراق، نزیکەى یەک ملیۆن و  600 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا .

ئاماژەی بەوەشکردووە، بە پشتبەستن بە نرخى ئێستاى نەوت کە ٨٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، رۆژانە عێراق نزیکەی ١٢٨ ملیۆن دۆلار زیانى لێدەکەوێت، ئەو دامەزراوە ئابوورییە، پێشبینیش دەکات، لە ئەگەرى فراوان بوونى پرۆسەى راگرتنەکە، زیانە داراییەکان زیاتر بەرز دەبنەوە.

ڕوانگەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە وەستانی بەرهەمهێنان بۆ ماوەی یەک هەفتە نزیکەی 900 ملیۆن دۆلار لە زیان لە خەزێنەی عێراق دەدات و ئەگەر بێت و دۆخەکەش بەم شێوەیە بەردەوام بێت، بۆ یەک مانگ  عێراق سێ ملیار و  800 ملیۆن دۆلار زیانى لێدەکەوێت.

ڕوانگەی ئیکۆ-عێراق، رونیکردەوە، ئەم پێشهاتە فشارێکی ڕاستەوخۆ دەخاتە سەر بودجەی گشتی عێراق، بەو پێیەى بۆ دابینکردنى بودجەکەى بەڕێژەى زیاتر لەسەدا 90  پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ئەمەش مەترسی فراوانبوونی کورتهێنانی بودجە زیاد دەکات ئەگەر قەیرانەکە بەردەوام بێت.

هاوکات هەر ئەمڕۆ سێ شەممە 3ى ئادارى 2026 کۆمپانیای نەوتی باکوور کە بارەگاکەی لە پارێزگای کەرکوکە، ئاشکرای کرد، هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە وبڕیاری ڕاگرتنەکەش  دوای ئەوە هات، کۆمپانیا نەوتییەکان کارەکانیان لە چەند کێڵگەیەکی هەرێمی کوردستان ڕاگرت، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر قەبارەی نەوتی هەناردەکراو لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا هەبوو.

کۆمپانیای نەوتی باکوور ئەوەشى خستەڕوو، قەبارەی هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان، پێش ڕاگرتنەکە نزیکەی 200 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا و کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵییان راگەیاندووە، بەهۆی ئەم دۆخەی ئێستا لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت، ناتوانن کارەکانیان بەردەوامی پێبدەن و تاوەکو هێوربوونەوەی دۆخەکە کارەکانیان رادەگرن.

فراوانبوونی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، بووەتە هۆی پەکخستنی گواستنەوەی سووتەمەنی و زیادبوونی مەترسییەکان لەسەر پچڕانی دابینکردنی نەوت و گازی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە.

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایىی رایگەیاند، داخستنی گەرووی هورمز ئاڵۆزییەکی قورسە بۆ ئابووریی عێراق، بەوپێیەی بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بەو رێڕەوە ئاوییە دەبەستێت بۆ هەناردەکردنی نەوت و 94% نەوتەکەی لە رێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە هەناردە دەکرێت.

 حکومەتی عێراق بۆ دابینکردنى پارەى مووچەی فەرمانبەران و خەرجیی وەزارەتەکان و پرۆژەکان، پێویستە رۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار  بەرمیل نەوت هەناردە بکات.

 هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە، ئەگەر دۆخەکە تاوەکو 25 رۆژی دیاکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت و نەوت هەناردە نەکرێت، ئەوا کارەساتی ئابووری روودەدات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار