ئەمریكا بە گومانە لەوەی سیستمی ئێران گۆڕانی بەسەردا بێت
2 كاتژمێر لەمەوپێش
دوا بەدوای کوژرانی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، بە گومانن، لەوەی کە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامی لە ماوەیەکی نزیکدا ببێتە هۆی گۆڕینی ڕژێمەكە.
هەر لەسەرەتای گرژییەكان، لەگەڵ ئێران و دوای هێرشەكانی رۆژی 28ی شوبات، بەرپرسانی ئەمریکا لە نێویاندا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاماژەیان بەوەداوە، ڕوخاندنی ڕژێمی سەرکوتكەری تاران، یەکێکە لە ئامانجە سەرەكییەكانی ئەمریکا، لەگەل پەکخستنی مووشەکی بالیستی و بەرنامە ئەتۆمییەكەی.
لەنوێترین پێشهاتیشدا ترەمپ، یەکشەممە 1ی ئاداری 2026 ڕایگەیاند، داوا لە هەموو ئەو نیشتمانپەروەرە ئێرانییەكان دەکەم، کە تامەزرۆی ئازادین، ئەم دەرفتە بقۆزنەوە و وڵاتەکەیان وەربگرنەوە. وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی خەڵكی خۆپیشاندان بكەن و دژی ئەو دەسەڵاتەی ئێستا راپەڕن.
بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی، نزیك لە دەزگای هەواڵگری (سی ئای ئەی) بە ئاژانسی رۆیتەزیان وتووە، گومانی جددیان هەیە لەوەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، توانای ڕووخاندنی ئەم ڕژێمە ئاینیەی هەبێت، كە لە ساڵی ١٩٧٩ەوە دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، بەرپرسانی ئەمریكا نەیان شاردەوە، كە بەدووری نازانن، دوای سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی مانگی یەكی ئەمساڵ و بەردەوامی هێرشە سەربازییەكان بۆ سەر ئەو وڵاتە، ئەم دەسەڵاتە بڕوخێت، بەڵام زۆر بەدووری دەزانن كە وادەی روخانەكەی بەم نزیكانە رووبدات.
ئاژانسی رۆیتەرز ئاشكرایكردووە، هەڵسەنگاندنەکانی سی ئای ئەی کە لە چەند هەفتەی پێش هێرشكردنە سەر ئێران، پێشکەشی کۆشکی سپی کرابوون، ئەوە بووە، لە ئەگەری مردنی خامنەیی، كەسایەتیەكی توندڕەوی سوپای پاسداران یان پیاوێكی ئایینی توندڕەو جێگای دەگرێتەوە.
رۆیتەرز رونیكردوەتەوە، بەرپرسانی ئەمریكا بەدووری دەزانن لێپرسراوانی سوپای پاسداران بە ئاسانی خۆیان بەدەستەوە بدەن، لەبەر چەند هۆكارێك لەوانە لە ماوەی رابردوودا، سوودمەندی یەكەم لە سەروەت وسامانی ئەو وڵاتە ئەوان بوون.
هەروەها لە هەڵسەنگاندەكانی سی ئای ئەیدا، تەنها یەك راپۆرت، ئاماژەی بەوە داوە لە ئەگەری دروست بوونی دووبەرەكی، دەتوانرێت دەسەڵاتەك برۆخێت، لێپرسراوانی ئەمریكا جەختیان لەوە كردووەتەوە، كە مەرجی سەرەكی بۆ سەركەوتنی هەر شۆڕشێك، دروست بوونی دووبەرەكییە، بەڵام تا ئێستا ئەوە روینەداوە لە ئێران.
پێشتریش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە كردەوەتەوە، ئامانجی سەرەکیی لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی دژی تاران، دابینکردنی "ئازادی"یە بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە و گۆڕینی دەسەڵاتە، داواشی لە خەڵكی ئێران كرد، دوای وەستانی بۆردوومانەکان "دەست بەسەر حکومەتەکەیاندا بگرن، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، لەنوێترین لێدوانیدا ترمپ دەڵێت ، دەیەوێت كەناڵی پەیوەندی لەگەڵ ئێران بكاتەوە، ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی واشنتن پێشبینی دەست لەکارکێشانەوەی حکومەت ناکات، یان نایەوێت ئەم حكوتەی ئێستا برۆخێت یان لانی كەم دەیەوێت بۆ ماوەیەكی كەم بمێنێتەوە.
لەبەرامبەردا عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، هیچ دانوستاندنێک لەگەڵ ئەمریکا ناکەن، ئەمریكاو ئیسرائیلیشی بەوە تۆمەتباركرد هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی وڵاتەكەی دەدەن، لێپرسراوانی ئەمریكا ئەوەشیان خستۆتەڕوو لە مانگی كانوونی دووەمەوە تاوتوێی ئەگەرەكانی دوای كوشتنی خامنەیی كراوە، ئایا دەبێتە هۆی گۆڕانێكی گەورە و بتوانرێت لە رێگەی دانوستانەوە مامەڵە لەگەڵ ئێران بكرێت لەسەر پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی.
بەرپرسانی ئەمریکی بە رۆیتەرزیان وتووە، لەكاتی ناڕەزایەتیەكانی كانوونی دووەمی ئەمساڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ، چەند جارێك لەگەڵ رەزا پەهلەوی، كوڕی شا دەركەوت، ئەمەش پرسیاری بەدوای خۆیدا هێنا، ئایا دوای رۆخانی رژێمی ئێستای دەبێتە جێگرەوەی ئەم دەسەڵاتە، بەڵام ئەو بەرپرسانە رەشبینی خۆیان نیشانداوە و جەختیات لەوە كردەوەتەوە، هیچ كەسایەتییەكی ئۆپۆزسیۆن نییە كە لەلایین واشنتنەوە پاڵپشتیكراو بێت و ئەو توانایەی هەبێت بە كردەیی كۆنتڕۆڵی ئێران بكات.
جۆناسان بانیكۆڤ، كە پێشتر لێپرسراوی باڵا بووە لە دەزگای هەواڵگری سی ئای ئەی، دەڵێت، لە كۆتاییدا ئەگەر هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل وەستان، گەلی ئێران رژانە سەر شەقامەكان، بۆ كۆتاییهێنان بەم رژێمەی ئێستا، ئەو كات سەركەوتنیان بەندە بە هەڵوێستی سەربازە ئاساییەكانەوە، ئایا پشتی خەڵك دەگرن یان دژیان دەوەستنەوە، بەڵام ئەگەرێكی زۆرە پاشماوەكانی رژێم كە چەكیان بەدەستەوەیە، چەكەكانیان دژی خەڵك بەكار بهێنن بۆ پارێزگاریكردن لەم رژێمەی ئێستا.
