سودانی: هەوڵی رێكخستنی دیداری نێوان ئێران و ئەمریكا دەدەین بەغدا
7 كاتژمێر لەمەوپێش
محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند، لە هەوڵدان بۆ رێکخستنی دیدارێکی دوو قۆڵی لە نێوان ئەمەریکا و ئێران لە بەغداد و لایەنى ئەمەریکا رەزامەندە، ئێرانیش داواى گرەنتى دەکات و زمانى هەڕەشە رەتدەکاتەوە.
سودانى لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى “مەیادین” ئاماژەى بەوەدا، "لە زیاتر لە وێستگەیەک ئێمە لایەنێک بووین بۆ هێمنکردنەوەی ئەو ئاڵۆزییەی کە لە نێوان ئەمەریکا و ئێران دروستدەبوو، ئێستا لە هەوڵێکی گرنگداین بۆ رێکخستنی دیدارێکی دوو قۆڵی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە لە بەغداد بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوانیان".
رونیشیکردەوە "لە هەوڵ و پەیوەندیداین لە بەرزترین ئاستدا، بەڵام پرسەکە پێویستی بە هەندێک گەرەنتییە و زمانی هەڕەشەدا لەلایەنی ئێرانیەوە رەتدەکرێتەوە".
لەبارەى ئەوەى ئایا ئیدارەى ئەمەریکا رازییە بەو پڕۆسەیە، سودانى ئاماژەى بەدا لە دواین سەردانی تۆم باراک نێردەی ئەمەریکا بۆ سوریا بەشێک لە گفتوگۆکانیان لەسەر ئەو پرسە بووە و ئەمەریکا رەزامەندە لەسەر رۆڵى عێراق بەو ئاڕاستەیە.
جەختیشیکردەوە، پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ هەردوو وڵاتی ئێران و ئەمریکا دەسەڵاتی پێدەبەخشێت بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕێت لە پەرەپێدانی لێکنزیکبوونەوە لە نێوانیاندا.
سودانى دەشڵێت، بە لایەنی ئەمەریکیان راگەیاندووە کە بە ڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ ئێران بکەن و خۆیان لە هەڕەشە بەدوور بگرن، چونکە دانوستان پێویستی بە متمانەیە و ناتوانرێت لەدۆخى لەو شێوەیەدا ئەنجام بدرێت.
باسى لەوەشکردووە، عێراق جەختی لە سەر پێویستی هەڵگرتنی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران کردەوە وەک ئاماژەیەکی نیازپاکی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن.
"حکومەتەکەمان بە بێدەنگی لەسەر هەموو پرسەکان کاری کردووە بۆ گەڕاندنەوەی ڕۆڵی پێشەنگی عێراق لە ناوچەکەدا، ئێستاش بەشێکە لە چارەسەری کێشەکان کە پێشتر گۆڕەپانێک بووە بۆ شەڕەکان و یەکلاکردنەوەیان".
لەبارەى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران، سودانى رایگەیاند، پەیوەندی وڵاتەکەى لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بناغە پتەوەکان بنیات نراوە و ئێران دەستوەردانى نەکردووە لە کاروبارى ناوخۆى عێراقدا و پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیان لەسەر ڕێڕەوێکی ئەرێنی ماونەتەوە.
هەروەها پەیوەندییەکانى عێراق لەگەڵ ئەمەریکاى بە "ناوازە" دانا و وتى ئەمەریکا هاوبەشێکی ستراتیژی عێراقە و بەشداریی لە ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری کردووە و لە ڕێگەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە هاوکاریان بووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش.
ئەوەشى خستەڕوو، رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی لەگەڵ ئەمەریکا بوارێکى بەرفراوان دەگرێتەوە لە پەیوەندییە ئەمنی و سەربازییەکان زیاتر درێژدەبێتەوە.
خولى دووەم
لەبەشێکى دیکەى چاوپێکەوتنەکەدا سودانى رایگەیاند، خولی دووەمى سەرۆک وەزیران خواستێکى تاکەکەسى نییە، بەڵکو ئامادەییە بۆ لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی و تەواوکردنی پڕۆژەیەک کە دەستیان پێکردووە.
وتیشى "هاووڵاتی چاوەڕێی ئەنجامی بەشداریکردنی دەکات لە هەڵبژاردنەکاندا لە ڕێگەی گۆڕانکاری لە ئاستی خزمەتگوزاری و ئاستی بژێوی و ئابووری و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵات و بەهێزکردنی ڕۆڵی میحوەری عێراق".
سودانى جەختیکردەوە "ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا بەڵگەیە لەسەر ئاستی ڕەزامەندی و متمانە بە ئاستی ئەدای جێبەجێکردنی حکومەت و ئەم هۆکارانەش وای لە هاووڵاتیان کردووە بەشدارییەکی بەرفراوان لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن".
دەشڵێت، زۆرینەی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پەرۆشن بۆ پێکهێانى حکومەتێکی بەهێز کە رووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی داهاتوو ببێتەوە "هێشتا لە شوێنی خۆمانین و بڕیاری کۆتایی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران نەدراوە، هەر بۆیە دەستپێشخەرییەکمان پێشکەش کرد بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەو بارەیەوە".
