عەلی لاریجانی: دڵی ئەمریکا و ئیسرائیل دەسووتێنین

2 كاتژمێر لەمەوپێش



عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە یەکەم دەرکەوتنیدا دوای کوژرانی عەلی خامنەیی ڕایگەیاند کە بژاردەی بەرگرییان هەڵبژاردووە و بە تووندی وەڵامی ئەمریکا و ئیسرائیل دەدەنەوە؛ جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکە بە کۆچی دوایی ڕێبەرەکەیان ناڕووخێت و گەلی ئێران پیلانی دابەشبوونی وڵاتەکەیان شکست پێهێناوە.

عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە یەکەمین دەرکەوتنی فەرمیی خۆیدا دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕوو لە بەرپرسانی واشنتن و تەلئەڤیڤ ڕایگەیاند، "ئەمریکا و ئیسرائیل دڵی گەلی ئێرانیان سووتاند، ئێمەش بە هەمان شێوە دڵی ئەوان دەسووتێنین". لاریجانی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کردەوەیە بێ وەڵامێکی کوشندە تێناپەڕێت.

لاریجانی ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتانی "ئیستعمارگەر" کاتێک دەچنە تەنیشت وڵاتێکەوە، مەبەستی سەرەکییان تاڵانکردنی ژێرخان و سەرخانی ئەو وڵاتەیە. ناوبراو ڕایگەیاند، ئەمریکا و ئیسرائیل تەنیا مەبەستیان لێدانی ڕێبەرایەتی نییە، بەڵکو بە دوای دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی ئێرانەوەن تاوەکو وڵاتەکە بەرەو هەڵوەشاندنەوە ببەن.

لاریجانی جەختی لەوە کردەوە کە لە نێوان دوو بژاردەی "خۆبەدەستەوەدان" و "بەرگری"، کۆماری ئیسلامیی ئێران بژاردەی بەرگریی هەڵبژاردووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە تاران ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی درێژخایەن تاوەکو پارێزگاری لە سەروەریی خاکەکەی بکات و ڕێگری لە هەر جۆرە دەستوەردانێکی بیانی بگرێت.
 
لاریجانی ڕەخنەی لەو لایەنانە گرت کە پێیان وایە بە کوژرانی عەلی خامنەیی، کۆماری ئیسلامیی ئێران تووشی داڕووخان دەبێت. ناوبراو ڕایگەیاند، "هەر کەسێک پێی وابێت بە مردنی ڕێبەر، ئێران دەکەوێت، بە هەڵەدا چووە". هەروەها جەختی کردەوە کە گەلی ئێران پێشتریش توانیویەتی پیلانی بیانییەکان بۆ دابەشبوونی وڵاتەکەیان شکست پێبهێنێت و ئێستاش یەکگرتووترن لە جاران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار