گەڕی دووەمی جەنگ نزیکە

4 كاتژمێر لەمەوپێش



ئێران خۆی ئامادە دەکات و ئیسرائیلیش بەنیازی هێرشە

ئامادەکردنی هاوڵاتی
بەپێی راپۆرتی زۆربەی میدیا جیهانییەکان، ساڵی 2026 گەڕی دووەمی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستپێدەکاتەوە و دەڵێن، ئیسرائیل لە هێرشەکەی پێشوو رازی نییە و دەیەوێت ئەمجارە تووندتر لە ئێران بدات. 

چی دەگوزەرێت؟
لە چەند هەفتەی رابردوودا بەرپرسانی ئیسرائیل دوودڵی و ترسی خۆیان بۆ ئیدارەی ترەمپ دەربڕیوە کە تاران خەریکی خۆ بنیادنانەوەیە لەرووی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیکی، بەهێزکردنی سیستمی بەرگری و بنیادنانەوەی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی. 

پێگەی ئاکسیۆسی ئەمریکی دەڵێت، لە سەردانەکەی ئەم هەفتەیەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بۆ لای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، باسی هێرشکردنەوە بۆ سەر ئێران کراوە و لە کۆبوونەوەکەدا نەتانیاهۆ بابەتەکەی ورووژاندووە. بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاکسیۆسی راگەیاندووە، بە ئەگەری زۆرەوە ترەمپ پشتگیری هێرشەکە دەکات ئەگەر یەکلابێتەوە ئێران هەنگاوی جیدی دەنێت بۆ بنیادنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی. 

تەنانەت لە دوای کۆبوونەوەکە ترەمپ بە ئاشکرا گوتی، بیستوومە ئێران خەریکی بنیادنانەوەی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەیەتی و ئەگەر وابێت ئەوا دیسان دەبێت لێیان بدەین و خاپووری بکەین. 

بەڵام میدیای ئیسرائیل باسی شتێکی دیکە دەکات و دەڵێت، ترسی ئیسرائیل زیاتر لە بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیکی ئێرانە نەوەک بەرنامە ئەتۆمییەکەی. راپۆرتێکی رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل باس لەوە دەکات، ئێران خۆی ئامادەکردووەتەوە و بەشێوەیەکی فراوان مووشەکی بالیستیکی بەرهەمدەهێنێت. لە جەنگی 12 رۆژەی هەردوولادا، ئیسرائیل بەشێوەیەکی فراوان سەکۆ مووشەکییەکان و سیستمی بەرگری ئێرانی تێکشکاند.

کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکیش لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلییەوە ئاشکرایکردووە، ئێران هەنگاو دەنێت بۆ بەرهەمهێنانی سێ هەزار مووشەکی بالیستیکی لە ساڵێکدا. بەگوێرەی راپۆرتێکی دیکەی ئەلمۆنیتەر، بەرپرسانی ئیسرائیل ئێستا پێیانوایە ئێران خاوەنی دوو هەزار مووشەکی بالیستیکییە، ئەمەش هەمان ژمارەیە کە پێش جەنگی 12 رۆژە هەیبوو.

ئیسرائیل لە چی دەترسێت؟
لە جەنگی 12 رۆژە، ئێران زیاتر لە 500 مووشەک و هەزار درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، بەڵام سیستمی بەرگری وڵاتەکە و سیستمی بەرگری ئەریکا زۆربەی ئەوانەی خستەخوارەوە. شیکەرەوانی ئیسرائیل باس لەوە دەکەن کە تەنها 38 مووشەکی ئێرانلەو سیستمانە تێپەڕیووە و کارەساتێکی گەورەی دروستکردووە، چونکە 28 کەس کوژران، زیاتر لە دوو هەزار ماڵ و 240 باڵەخانەش وێران بوون، 13 هەزار ئیسرائیلیش ئاوارەبوون. 

تایمز ئۆف ئیسرائیل دەڵێت، لە گەڕی دووەمی جەنگدا دەبێت ئیسرائیل ئاگاداری سیستمی بەرگریی بێت چونکە ئەو مووشەکانەی ئەمریکا بەرهەمی دەهێنێت و بۆ بەرگری لە ئیسرائیل لە جەنگی پێشوودا بەکاریهێنا %25ـی رۆشتووە و تێچوویەکی زۆر گەورەشی هەیە کە 12 ملیۆن دۆلارە بۆ هەر مووشەکێک، ئەمە جگەلەوەی بەرهەمهێنانیشی خاوە بەرامبەر مووشەکەکانی ئێران کە بە ماوەیەکی زووتر دروست دەکرێن، ئەمەش ناهاوسنەگی دروست دەکات و رەنگە ئەمجارە ئێران زیانی زیاتر بدات. 

کەی جەنگەکە دەستپێدەکات؟
ئاکسیۆس دەڵێت، نەتانیاهۆ و ترەمپ باسی کاتی هێرشیان نەکردووە، بەڵام کەناڵی ئێن بی سی نیوز دەڵێت، لە هێرشی پێشوودا نەتانیاهۆ چوار بژاردەی خستووەتە بەردەم ترەمپ بۆ لێدان لە ئێران کە لەمانە پێکهاتبوون: هێرشی ئیسرائیل بە تەنیا، هێرشی ئیسرائیل و یارمەتییەکی کەمی ئەمریکا، هێرشی هاوبەش، یان هیرشێک بە سەرپەرشتی ئەمریکا.

ئێن بی سی نیوز باس لەوە دەکات، رەنگە نەتانیاهۆ هەمان چوار بژاردەی خستبێتەوە بەردەم ترەمپ بۆ ئەوەی یەکێکیان هەڵبژێرێت.
پێشتریش لەمۆنیتەر لە زاری دیپلۆماتکارانی ئەوروپییەوە ئاشکرایکرد، هێرشی ئیسرائیل لە 2026 ئەگەری زۆرەوە و لەماوەی ئەو ساڵەدا روودەدات.

قسەی ئاشکرای ترەمپ و راپۆرتی میدیا ئەمریکییەکان بەرپرسانی ئێرانی تووڕە کردووە، یەکێک لەوانە مەسعود پزشکیان، سەرۆکی ئێرانە کە رایگەیاند، هیچ دەستدرێژکارییەکی ستەمکارانە لە کەس قبوڵ ناکەین و ئەمجارە وەڵاممان سەخت و وێرانکەر دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار