روانگەی سوری: سوپای ئەمریكا بەشێوەیەكی كتوپڕ لە بنكەی تەنەف كشایەوە
6 كاتژمێر لەمەوپێش
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەزاری سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان بڵاویكردووەتەوە، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بنکەی تەنف بە تەواوەتی كشاونەتەوە، کە دەکەوێتە سێگۆشەی سنوری نێوان سوریاو عێراق و ئوردن.
بەوتەی سەرچاوەكە، کاروانە سەربازییەکان بە یەكجار بنکەکەیان بەجێهێشتووەو بەرەو خاکی ئوردن رۆیشتوون، ئەوەش کۆتایی بە ساڵانێک لە بوونی سەربازی لە یەکێک لە هەستیارترین و ستراتیجیترین خاڵەکانی بیابانی لە سوریا هێنا.
بەگوێرەی زانیارییەكان، بنكەكە رادەستی وەزارەتی بەرگری حکومەتی کاتیی سوریا کراوە، فیرقەی ٥٤ دەستی کردووە بە بڵاوەپێکردن لە ناو بنکەکەو دەوروبەری و دامەزراندنی بنکەی سەربازی و جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی توندی ئەمنی.
هۆکاری ئەم کشانەوەیە تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە، لە سایەی بێدەنگییەکی فەرمی سەرنجڕاكیشدا.
هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی سوریاوە لە بنکەی تەنف جێگیر بوون، ناوچەی دەوروبەری وەک ناوچەیەکی سەربازی داخراو ناسێندرا کە بە ناوچەی ٥٥ کیلۆمەتری ناسراوە و لەناو ئەو ناوچەیەدا هاتنە ژوورەوەی هێزەکانی رژێمی سوریا و میلیشیا هاوپەیمانەکانیان قەدەغە کران، بەوەش بنکەکە بووە قەڵایەکی ستراتیژی بۆ چاودێریکردنی جموجۆڵە سەربازییەکان و دەستەبەرکردنی هێڵەکانی دابینکردن لە قووڵایی بیابانەکانی سوریادا.
