وردەکارى تەقینەوەى ئۆتۆمبێلەکەى کەڵەوانان
4 كاتژمێر لەمەوپێش
کامەران عوسمان لەرێکخراوى سى پى تى:لە هێرشێکی درۆنیدا، کەسێک گیانی لەدەستدا و کەسێکی تریش بە سەختی برینداربوو.
لە کاتژمێر ٧:٤٠ خولەکی سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆدا، ئۆتۆمبێلێکی جۆری (لاندکرۆزەر - ژمارە سلێمانی - گوللە نەبڕ) لەسەر ڕێگای نێوان دوکان بۆ سلێمانی، بەرامبەر گوندی حەسەن تەپە لەلایەن درۆنێکی نەناسراوەوە بە ئامانجگیرا.
بەوتەى کامەران عوسمان لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، کەسێک گیانی سپارد و کەسێکی تریش بە سەختی برینداربوو. قوربانییەکان هەڵگری ناسنامەی ئێرانین.
لەبارەی ئەو ئۆتۆمبێلەی لە سنووری سلێمانی تەقییەوە؛ لاند کروزەرێکی گولەنەبڕ بووە، لەدواى ئەو ڕووداوەشەوە، رێگای دوکان - سلێمانی بە هەردوو ئاڕاستە داخراوەو قەرەباڵغیەکى زۆر دروستبووە.
لەلایەکى دیکەوە سیروان سەرحەد، قائیمقامی دوكان لەبارەی گڕگرتنی ئۆتۆمبێلەکەی کەڵەوانان وتى: ئۆتۆمبێلەکە چەک و تەقەمەنی تێدابووە، بەڵام تائێستا دیارنییە بە ئامانج گیراوە یان خۆی ئاگری گرتووە.
سەرچاوەیەک لە کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕى کوردستان، وتى: ئەو ئۆتۆمبێلەی بە ئامانج گیراوە هی عومەری ئیلخانیزادەیە، بەڵام خۆی تێدا نەبووە بەڵام پێشمەرگەیەک شەهید بووە.
کەمێک لەمەوبەر دووەم سەرنشینی ئۆتۆمبێلە بە ئامانجگیراوەکەی کەڵەوانان کە برینداربوو بوو گیانی لەدەستدا.
ئەو دوو پێشمەرگەیەی کۆمەڵە کەبەهۆی هێرشی درۆنی ئێرانەوە و لەرێگەی نێوان سلێمانی و قەزای دوکان، گیانیان لەدەستدا، ناویان "هێرش رەنجبەر" و "ئارام بەهرامی".
