گرێ کوێرەی دوو سەرۆكایەتیەكە عیراق بەرەو بۆشایی دەستووری دەبات

2 كاتژمێر لەمەوپێش



هەرچەندە چوارچێوەی هەماهەنگی سوورە لەسەر کاندیکردنی نوری مالیکی بۆ سەرۆک وەزیرانی عیراق، بەڵام تائێستا ئەو پرسە بەهەڵپەسێردراوی ماوەتەوەو بۆتە گرێ کوێرەو دۆخی عێراقی بەچەق بەستوویی هێشتۆتەوە، خەریکە وڵات دەباتە بۆشاییەکی دەستووریەوە، بەو پێیەی زیاتر لە ٩٦ رۆژە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجام دراوەو تائێستا هیچ یەكێك لەسەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیران دیاری نەكراون.

بەپێی دەستووری عێراق پێویستە لەدوای 30 رۆژ لەیەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، بەڵام ئەوە چەند دانیشتنێك كراوە، نەك سەرۆك كۆمار دەستنیشان نەكراوە، بەڵکو سەرۆك وەزیرانیش یەكلایی نەكراوتەوە، ئەمەش وایكردووە، وڵات بكەوێتە بۆشایی دەستورییەوەو كێشە بۆ دەسەڵاتی ئەو لێپرسراوانە دروست ببێت كە ماوەی دەسەڵاتیان تەواو بووە.

بەها ئەعرەجی، سەرۆكی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان هۆشداری لەدواكەوتنی یەكلاکردنەوەی سەرۆك كۆمار دەدات و دەڵێت، دواكەوتنی یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆتەهۆی پەكخستنی هەموو جومگەكانی دەوڵەت، هاوڵاتی باجی ئەو دواكەوتنە دەدات، دەشڵێت: ناكۆكی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر ئەو پۆستە، هەر حكومەتی پەك نەخستووە، بەڵكو كاری پەرلەمان و لیژنەكانیشی راگرتووە.

هاوكات مەجاشع تەمیمی شرۆڤەكار دەڵێت، گرێ كوێرەكە تەنها لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا نییە لەلایەن كوردەوە، بەڵكو ئەو دوو پۆستە سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیران هاوتەریبن پێكەوە، بەهەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار راستەوخۆ دەرگای دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیران دەكرێتەوە بۆ پێكهێنانی حكومەت، بۆیە ئەگەر پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلابویەوە پێش ئەوەی رێكکەوتنی تەواو لەسەر دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیران بكرێت، ئەو كات تۆپەكە دەكەوێتە گۆڕەپانی چوارچێوەی هەماهەنگی و ململانێكان سەرهەڵدەدەن.

لەدوای هەڵبژاردنی هەیبەت حەلبوسی بەسەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە 29ی كانوونی یەكەمی 2025 پرۆسەی سیاسی لەعیراق پەکی کەوتووەو بەچەق بەستوویی ماوتەوتەوەو رۆژانە هۆشداری دەدرێت لەپێشێلكردنی ماوە دەستورییەكان.

لەلایەكی ترەوە عالیە نەصیف ئەندام لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان تەئكید دەكاتەوە، هیچ دەقێكی یاسایی نییە لە دەستوری عێراقیدا سزادانی تێدابێت ئەگەر پێشێلكاری لەو ماوانەدا بكرێت كە بۆ دیاریكردنی هەر سێ سەرۆكایەتیەكە دیاریكراون.

هاوکات غالب دەعمی شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، ئەوەی ئێستا رودەدات، لەناكۆكی نێوان لایەنەكان تەنها گەیشتن بە ئامانجی تایبەتی خۆیانە نەك بەرژەوەندی خەڵكی، هەربۆیە پێشێلكردنی دەستور مانای بەزاندنی هێڵە سوورەکانی وڵاتە، تەئكیدیش دەكاتەوە، دۆخەكە بەم شێوەی ئێستا درێژە دەكێشێت و هەموو لایەنەكان هەوڵی بەدەست هێنانی پشكی زیاتر بۆخۆیان دەدەن.

هەرچەندە راوبۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر درێژە كێشانی "بۆشایی دەستوری" لەعێراق، تا ئەو كاتەی پرۆسەی دەستنیشانكردنی سەرۆكایەتیەكان یەكلا دەبێتەوە، بەڵام لایەنە سیاسییەكان خۆیان لەم زاراوەیە دەدزنەوەو ناوێكی تریان بۆ دەستنیشان كردوە بەوتەی خۆیان "چەق بەستنی سیاسییە" ، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی تائێستا رێكکەوتن و لێك تێگەیشتن روینەداوە لەنێوانیان، سەرەڕای ئەو هەمووە كۆبوونەوە رۆژانە دەكرێت لەنێوانیان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار