كورد هه‌وڵێكى دیكه‌ى نێوەندگیرى ئه‌نجامده‌دات

3 كاتژمێر لەمەوپێش



له‌دواى به‌ ئه‌نجامگه‌یاندنى هه‌وڵى نێوده‌نگیرى له‌نێو كورد و دیمه‌شق له‌ سوریا، كورد هه‌وڵێكى دیكه‌ى نێوه‌ندگیرى ده‌ستپێده‌كات و ئه‌مجاره‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ و چاره‌سه‌رى گرفتى پێكهێنانى حكومه‌ته‌ له‌ عێراق كه‌ ناكۆكییه‌كان سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانى گرتووه‌ته‌وه‌.

له‌كاتێكدا هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) و هێزه‌ چه‌كداره‌كانى سه‌ر به‌ حكومه‌تى دیمه‌شق له‌نێو شه‌ڕێكى سه‌ختى به‌رده‌وامدا هه‌وڵه‌كانیان بۆ پاشه‌كشه‌پێكردنى ئه‌وى دیكه‌ چڕكردبووه‌وه‌، هه‌رێمى كوردستان هه‌وڵه‌ نێوه‌ندگیرییه‌كانى بۆ كۆتایى هێنان به‌ خوێنڕشتن له‌ رۆژئاواى كوردستان و ناوچه‌كانى باكوورى رۆژهه‌ڵاتى سوریا ده‌ستپێكرد.

هه‌ولێر و مێزى سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانى بووه‌ شوێنى كۆبوونه‌وه‌ و به‌یه‌كگه‌یشتن و لێكنزیككردنه‌وه‌، ئاكامه‌كه‌ى، هاوشانى به‌رگریی شه‌ڕڤانانى كورد له‌ رۆژئاوا، ئه‌و رێككه‌وتنى ئاگربه‌سته‌ درێژخایه‌نه‌ بوو كه‌ له‌ كۆتایی مانگى كانونى دووه‌مى رابردوو له‌نێوان هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات و حكومه‌تى دیمه‌شق هاته‌ ئاراوه‌.
هه‌وڵه‌كانى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى و نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌رهه‌مه‌كه‌ى چه‌سپاندنى خواست و داواكارییه‌كانى كوردى له‌ رۆژئاواى كوردستان لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ خۆى له‌ پێكهێنانى ژماره‌یه‌ك لیواى تایبه‌ت بۆ هێزه‌كانى هه‌سه‌ده‌ و دانان و جێگیركردنى به‌رپرسانى كورده‌ له‌ ناوچه‌ كوردییه‌كانى ئه‌و به‌شه‌ى كوردستان ده‌بینێته‌وه‌.

سه‌ركه‌وتنى خواسته‌كانى كورد له‌ رۆژئاوا قۆناغێكى دیكه‌ى بڕى، كاتێك له‌ سێ رۆژى رابردوودا ئاماده‌بوونى به‌رپرسانى رۆژئاواى كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی مه‌زڵوم عه‌بدى، فه‌رمانده‌ى گشتیی هه‌سه‌ده‌ و ئیلهام ئه‌حمه‌د، به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى رۆژئاوا له‌ دیدار و كۆبوونه‌وه‌ى كۆنگره‌ى ئاسایشى میونشن به‌شى گرنگى دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانى پێكهێنا و ئاماده‌بوونى دیپلۆماسیی كورد ناونیشان و رووماڵى سه‌ره‌كیی میدیاكانى ته‌نى.

له‌و باره‌یه‌وه‌ مەزڵووم عەبدی دوێنێ له‌میانه‌ى دیداریدا له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى له‌ میونشن "سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سه‌رۆک مه‌سعود بارزانی و سەرۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان کرد بۆ هەوڵی بەردەوام و رۆڵی کاریگەریان لەپێناو ئارامكردنه‌وه‌ى دۆخه‌كه‌ و گەیشتنی دیمەشق و هەسەدە بە رێککەوتنی ئاگربەست". هه‌روه‌ك پێشتریش له‌ دیدارێكدا ئاماژه‌ى به‌ رۆڵى نێچیرڤان بارزانى كرد له‌ ئاسانكارى بۆ گه‌یشتنى وه‌فدى رۆژئاوا و ئاماده‌بوونیان له‌ كۆنگره‌ى میونشن

له‌ئێستادا دواى به‌ ئه‌نجامگه‌یشتنى ئه‌و قۆناغه‌، سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كورد هه‌وڵێكى دیكه‌ى نێوده‌نگیریی ده‌ستپێكردووه‌، ئه‌مجاره‌ له‌نێو لایه‌نه‌ شیعییه‌كان له‌لایه‌ك و له‌نێوان شیعه‌ و ئیداره‌ى ئه‌مریكا له‌لایه‌كى دیكه‌ به‌مه‌به‌ستى كردنه‌وه‌ى گرێكوێره‌ى تایبه‌ت به‌ ناونانى كاندیدى سه‌رۆك وه‌زیران.

له‌و باره‌یه‌وه‌ رۆژنامه‌ى (ئه‌لنه‌هار)ى لوبنانى له‌ راپۆرتێكدا ئه‌و هه‌وڵه‌ى ئاشكراكردووه‌ و بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ نێوه‌ندگیرییه‌كى كوردى هه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات بۆ رازیكردنى ئیداره‌ى ئه‌مریكا به‌ كاندیدكردنى مالكى بۆ سه‌رۆكایه‌تى وه‌زیران"، هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ نێوه‌ندگیر "ئاماژه‌ى ئه‌رێنى" له‌ كۆشكى سپییه‌وه‌ پێگه‌یشتووه‌.

وه‌فا محه‌مه‌د، سه‌ركرده‌ له‌ پارتى دیموكراتى كوردستان قسه‌ى بۆ رۆژنامه‌كه‌ كردووه‌ و ده‌ڵێت، "هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ره‌وتى ده‌ره‌كى بۆ دۆخى عێراق زۆر گرنگه‌" ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا كه‌ هه‌رێمى كوردستان "رۆڵى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى گێڕاوه‌ له‌ چاره‌سه‌رى ناكۆكییه‌كان له‌نێو سوریا له‌نێوان ئیداره‌ى ئه‌حمه‌د شه‌رع و هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده‌)، به‌هه‌مان شێوه‌ له‌نێوان توركیا و پارتى كرێكارانى كوردستان".

دووپاتیشیده‌كاته‌وه‌، "بابه‌تى نێوه‌ندگیریی كورد بۆ كردنه‌وه‌ى گرێى كاندیدى چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى بۆ سه‌رۆكایه‌تى وه‌زیران له‌سه‌ر مێزى به‌رپرسانى هه‌رێمه‌".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار