وەزارەتی دارایی: بەم نزیکانە بانکی نیشتمان دەکرێتەوە
8 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی ڕەزامەندی کۆتایی بانکی ناوەندی دەکات بۆ دەستبەکاربوونی بانکی نیشتمان لە هەرێمی کوردستان، ناوی ئەندامانی ئەنجوومەن ڕەوانە کراون، بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی و پێدانی مۆڵەتی کارکردن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە قۆناغەکانی کۆتایی دامەزراندنی بانکی نیشتماندایە، کە پرۆژەیەکی ستراتیژییە بۆ نوێکردنەوە و ڕێکخستنەوەی کەرتی بانکی لە هەرێمی کوردستان، بڕیارە لەماوەی داهاتوو جێبەجێ بکرێت.
د. هاوڕی کەمال، ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاندوە،باڵەخانە دابینکراوەو شاندی بانکی ناوەندیش بینیویانەو ڕەزامەندیان لەسەرداوە، ناوی ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕی هەڵبژێردراون و ڕەوانەی بانکی ناوەندی کراون، دوای ڕەزامەندی لەسەر ناوەکان و پێدانی مۆڵەتی کۆتایی کارکردن لەلایەن بانکی ناوەندی، بانکی نیشتمان دەست بە کارەکانی دەکات.
بانکی نیشتمان، چەند جۆر قەرزو سولفەیەک بەفەرمانبەران و هاووڵاتییان دەدات، ئەم خزمەتگوزاریانە بوارەکانی کڕینی خانووبەرە (عەقارات)، ئۆتۆمبێل، پڕۆژەی کشتوکاڵی، پیشەسازی و قەرزی بچووک دەگرێتەوە، بڕ و جۆری قەرزەکان بەپێی توانای دارایی بانکەکە دیاری دەکرێن.
